چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

شاره‌وانی بنه‌سڵاوه‌ به‌هۆی مه‌ترسی لافاو هۆشداری ده‌داته‌ هاووڵاتییان

شاره‌وانی بنه‌سڵاوه‌ به‌هۆی مه‌ترسی دروستبوونی لافاو هۆشدارییه‌كی به‌په‌له‌ی بۆ هاووڵاتییانی سنووره‌كه‌یان بڵاو كرده‌وه‌ و داوای لێ كردن له‌ كه‌ندی بنه‌سڵاوه‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌.

شاره‌وانی بنه‌سڵاوه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشدارییه‌كه‌دا ده‌ڵێت “داوا له‌ هاووڵاتییانی سنووره‌كه‌مان ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ كه‌ندی بنه‌سڵاوه‌ دوور بكه‌ونه‌وه”.

هۆكاری دووركه‌وتنه‌وه‌كه‌شی ئاشكرا كرد و ڕایگه‌یاند “پێشبینی بارانی به‌خوڕ و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی كه‌نده‌كه‌ هه‌یه‌”.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ كه‌شناسی پێشبینی كردووه‌ له‌مشه‌و پێنجشه‌مه‌وه‌‌ شه‌پۆڵێكی بارانی به‌خوڕ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تیش له‌ شاری هه‌ولێر بگرێته‌وه‌ و تا رۆژی شه‌موو به‌رده‌وامی هه‌بێت، هه‌روه‌ها پێشبینی كراوه‌ 100 بۆ 200 ملیمه‌تر باران ببارێت و ئه‌مه‌ش ڕێژه‌یه‌كی زۆره‌ و ئه‌گه‌ری دروستبوونی كۆبوونه‌وه‌ی ئاو و دروستبوونی لافاوی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.