سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

وەزارەتی کارەبا ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بەرزتردەکاتەوە

لە هەفتەی داهاتوودا ٢٠٠ مێگاوات كارەبا زیاد دەبێت و ڕاستەخۆش كاریگەری لەسەر زیادبوونی پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا بۆ هاوبەشان دەبێت.

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا رایگەیاند: “لە درێژەی پڕۆژەکانی وەزارەت، هەفتەی داهاتوو ٢٠٠ مێگاوات كارەبای نیشتمانی زیاد دەبێت؛ ئەوەش وا دەكات، كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاتر بن.”

ئاماژەی بەوەش دا “لە کۆتایی ئەم مانگەدا، وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی ٥٠٠ مێگاوات کارەبا لە بازیان بەگەڕ دەخرێت، وێستگەكە توانای ٥٠٠ مێگاوات كارەبای هەیە، بەڵام غازی سرووشتی تەنیا بەشی ٢٠٠ مێگاوات كارەبای هەیە و هەوڵ دەدەین غاز بۆ ٣٠٠ مێگاواتەكەی دیكەش دابین بكرێت، تاوەكوو بە ئەوپەڕی توانای خۆی كارەبا بدات.”

لەگەڵ ئەوەی ئێستا بەهۆی هاتنی شەپۆلی سەرماوە خواستێكی زۆر لەسەر كارەبا هەیە، بەڵام توانراوە بڕە كارەبایەكی باش بدرێت، گوتیشی: “ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەمی نەکردووە و جێگیرە؛ وەزارەتی کارەبا لە هەوڵی ئەوەدایە بەرهەمێنانی کارەبا لە ڕێگای وزەی خۆر گەشە پێبدات کە دەبێتە هۆی پاکڕاگرتنی ژینگە و زیادبوونی کارەبا.”

جێگای وەبیرهێنانەوەیە لە ئێستادا ژێرخانی کارەبای هەرێمی كوردستان توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە حەوت هەزار مێگاوات کارەبای هەیە، بەڵام ئێستا تەنیا ٣ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەمدێت.