مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وێڕای ناردنی ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌ك نوێنه‌ری خۆی بۆ پرسه‌ی قوربانیانی بنه‌ماڵه‌ی شێخ عه‌بدولڕه‌حمانی بابه‌شێخی سیرێ له سلێمانی، له رێگه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه قسه‌ی له‌گه‌ڵ حاجی محیه‌دینی سیرێ، وه‌ك نوێنه‌ری بنه‌ماڵه‌ی قوربانیانی رووداوی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی سلێمانی كرد و پشتیوانی بۆ دووپاتكردنه‌وه.
له‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌دا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختیكرده‌وه، كه خودی خۆی و حكومه‌ت ئاماده‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌ر خزمه‌تێكی پێویست له پێناو چاره‌سه‌ری بریندارانی رووداوه‌كه.
مه‌سرور بارزانی، گوتیشی:”پێویسته لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد له هۆكاری ئه‌م كاره‌ساته بكرێت و بزانرێت هۆی چی بووه ئه‌م كاره‌ساته رووی داوه”.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وێڕای جه‌ختكردنه‌وه له ده‌ربڕینی هاوخه‌می خۆی بۆ قوربانیانی كاره‌ساته‌كه‌ی سلێمانی گوتی: “ئه‌مه پرسه‌ی هه‌موومانه. جه‌نابی سه‌رۆك زۆر زۆر په‌رۆشه، له‌گه‌ڵتانین، له خۆشی و ناخۆشیدا به‌یه‌كه‌وه‌ین، ئێوه جێی رێز و ته‌قدیرن”.
هه‌روه‌ها جه‌ختی له وه‌فاداری بنه‌ماڵه‌ی سیرێ بۆ رێبازی بارزانی كرده‌وه و گوتی: “جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی خۆی فه‌رمووی جه‌نابی شێخ عه‌بدولڕه‌حمانی سیرێ چه‌ند نزیك و خۆشه‌ویست بووه لای جه‌نابی بارزانی نه‌مر. ئێمه ئه‌مه به پرسه‌ی خۆمان ده‌زانین، هه‌ریه‌ك له ماڵی خۆمانه‌وه به‌شدارین له‌و پرسه‌یه”.
له به‌رامبه‌ردا، حاجی محیه‌دین، كوڕی شێخ عه‌بدولڕه‌حمانی بابه‌شێخی سیرێ، به نوێنه‌رایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی قوربانیانی رووداوی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی سلێمانی، وێڕای ده‌ربڕینی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گوتی: “ئێمه خۆمان هه‌میشه له ناوچه‌ی سلێمانی به‌وه به‌ناوبانگ بووین، كه لقێكی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نه‌مرین. خۆمان هه‌ر وا ده‌زانین و له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی باوكی خۆمانین هه‌تا ماوین”.
حاجی محیه‌دین سیرێ گوتیشی: “هه‌تا ماوین وه‌فادار ده‌بین به‌رامبه‌ر به رێبازی بارزانی نه‌مر و كورد و كوردستان”.
ده‌قی گفتوگۆی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ حاجی محیه‌دینی سیرێ، نوێنه‌ری بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان
مه‌سرور بارزانی:
له راستییدا هه‌موومان خه‌فه‌تباربووین، هه‌موو كوردستان ماته‌مباره به‌و كاره‌ساته دڵته‌زێنه، ئینشائه‌ڵڵا ئه‌مه دواناخۆشیتان بێت، جێگه‌ی شه‌هیده‌كان به‌هه‌شت بێت و ته‌مه‌نی درێژ بۆ ئێوه به‌جێبمێنێت.
به‌رپرسانم راسپاردووه، له‌گه‌ڵ پارێزگاریش قسه‌م كردووه و كاك ئالانیش قسه‌م له‌گه‌ڵ كردووه، كه پێویسته لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد له هۆكاری ئه‌م كاره‌ساته بكرێت و بزانرێت هۆی چی بووه ئه‌م كاره‌ساته رووی داوه.
له لایه‌كی دیكه‌وه، پێم خۆشه ئه‌وه بزانن وه‌ك حكومه‌ت و شه‌خسی خۆمیش به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ین، له خزمه‌تی ئێوه‌دا بین، هه‌رچه‌نده رووحی هیچ ئازیزێك قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێمان بكرێت له یارمه‌تیدانی ئێوه و كه‌مكردنی ئه‌م ناخۆشی و خه‌مه، ئه‌وه‌ی له ده‌ستمان بێت بۆتانی بكه‌ین، چ له ئاماده‌كاری بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی دارایی بێت، یانیش بۆ چاره‌سه‌ركردنی برینداره‌كان بێت له ناو هه‌رێم بێت، یان پێویست بكات بۆ ده‌ره‌وه، ئه‌گه‌ر كه‌سێك پێویستی بێت، ئێمه ئاماده‌ین به هه‌موو جۆرێك له‌گه‌ڵتان بین. ئینشائه‌ڵڵا چاره‌سه‌ری برینداره‌كان بكرێت.
جارێكی دیكه دووپاتیده‌كه‌مه‌وه، ئه‌مه پرسه‌ی هه‌موومانه. جه‌نابی سه‌رۆك زۆر زۆر په‌رۆشه، له‌گه‌ڵتانین، له خۆشی و ناخۆشیدا به‌یه‌كه‌وه‌ین، ئێوه جێی رێز و ته‌قدیرن. سڵاو و رێزم بۆ هه‌موو كه‌سوكارتان و ئینشه‌ڵڵا جارێكی دیكه ئه‌م كاره‌ساتانه دووباره نه‌بنه‌وه.
حاجی محیه‌دین سیرێ:
به ناوی خۆم و هه‌موو بنه‌ماڵ و كوڕانی شێخ عه‌بدولڕه‌حمانی بابه‌شێخی سێرێ، كه باوكم یه‌كێك بووه له شۆڕشگێڕان و له كۆماری مهاباد له خزمه‌تی بارزانی نه‌مردا بووه و له شۆڕشی ئه‌یلوولیشدا رۆڵێكی باڵای هه‌بووه.
ئێمه بنه‌ماڵه‌كه‌مان خۆمان به لقێكی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نه‌مر زانیوه و هه‌رواش ده‌زانین هه‌تا ده‌مێنین، چونكه ئه‌وه وه‌سیه‌تی باوكی منه كه له 2003 كۆچی دواییكرد، وه‌سیه‌تی بۆ ئێمه كرد، وتی كاتی خۆی له مهاباد په‌یمانم به بارزانی نه‌مر داوه، هه‌تا ماوین له‌سه‌ر ئه‌و رێبازه‌ی بارزانی نه‌مر به‌رده‌وام بین، ئێمه‌ش وه‌كو وه‌چه و كوڕه‌كانی و هه‌موو كه‌سوكاری ئه‌و پیاوه شۆڕشگێڕ و خه‌باتگێڕ و دڵسۆزه‌ی بۆ كورد و كوردستان و خاك و نیشتمان و وڵات، ئێمه‌ش په‌یمان ده‌ده‌ینه خوا و جه‌نابت و سه‌رۆك بارزانیش، كه ئێمه یه‌كێك بین له‌و وه‌فادارانه، كه هه‌تا ماوین وه‌فا دار ده‌بین به‌رامبه‌ر به رێبازی بارزانی نه‌مر و كورد و كوردستان.
زۆر زۆر رێز و سڵاوم هه‌یه بۆ جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و زۆر سوپاسی جه‌نابیشت ده‌كه‌م بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته شۆڕشگێڕانه‌تان و به راستی ئه‌وه هه‌ر له جه‌نابتان ده‌وه‌شێته‌وه.
به راستیی كاره‌ساته‌كه‌مان زۆر گه‌وره‌یه، به‌ڵام ده‌بێت شوكرانه‌بژێر بین، خوا ئێمه‌ی به‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه، ئومێده‌وارم ئینشائه‌ڵڵا كاره‌ساتی وا له هیچ شوێنێك و له به‌رامبه‌ر هیچ كه‌سێك روونه‌داته‌وه.
جارێكی دیكه به ناوی خۆم و كوڕانی شێخ عه‌بدولڕه‌حمانی سیرێ سوپاسی جه‌نابت و سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌م بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته. ئێمه خۆمان هه‌میشه له ناوچه‌ی سلێمانی به‌وه به‌ناوبانگ بووین، كه لقێكی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نه‌مرین. خۆمان هه‌ر وا ده‌زانین و له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی باوكی خۆمانین هه‌تا ماوین. جارێكی دیكه سوپاست ده‌كه‌م و سوپاسی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانیش ده‌كه‌م. خوا جه‌زای به‌خێری جه‌نابتان بداته‌وه و خوا سه‌ركه‌وتووتان بكات بۆ كورد و كوردستان و ئه‌م وڵاته‌ی ئێمه. هه‌تا ئێوه هه‌بن پشتیوان به خوا ئه‌م وڵاته‌ی ئێمه شكست ناهێنێت.
مه‌سرور بارزانی:
زۆر زۆر سووپاس جه‌نابی شێخ، ده‌مویست دووپاتی ئه‌وه بكه‌مه‌وه، جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی خۆی فه‌رمووی جه‌نابی شێخ عه‌بدولڕه‌حمان چه‌ند نزیك و خۆشه‌ویست بووه لای جه‌نابی بارزانی نه‌مر. ئێمه ئه‌مه به پرسه‌ی خۆمان ده‌زانین، هه‌ریه‌ك له ماڵی خۆمانه‌وه به‌شدارین له‌و پرسه‌یه، ئینشائه‌ڵڵا نموونه‌تان زۆر بێت و ته‌مه‌نی ئێوه درێژ بێت و ئینشائه‌ڵڵا ئه‌وانه‌شی گیانیان له‌ده‌ستداوه جێگه‌یان به‌هه‌شتی به‌رین بێت و خوا ره‌حمیان پێ بكات و دواناخۆشیتان بێت ئینشائه‌ڵڵا.
حاجی محیه‌دین سیرێ:
یه‌ك شتێك هه‌یه بیخه‌مه‌ڕوو، ئێمه 2003 له خزمه‌تی باوكمدا چووینه خزمه‌تی سه‌رۆك بارزانی، سه‌رۆك به باوكمی ئه‌فه‌رموو مامه، فه‌رمووی مامه رۆژمێرێكی بارزانی نه‌مرم لایه، كه رۆژانه چی نووسیوه، زۆرجار له خزمه‌تی باوكمدا بووم له شه‌سته‌كاندا، گوتی: له رۆژمێرهكهدا، بارزانی نه‌مر له 10 تا 12 شوێن نووسیویه‌تی: رۆژی ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وه‌نده جه‌نابی شێخ عه‌بدولڕه‌حمانی سیرێ نارد بۆ فڵان شوێن، سه‌رۆك بارزانی، فه‌رمووی: پێم خۆشه بزانم باوكم تۆی بۆچی ناردووه بۆ ئه‌و شوێنانه. له وه‌ڵامدا شێخ عه‌بدولڕه‌حمانی باوكم فه‌رمووی: جه‌نابی سه‌رۆك ره‌نگه شتێكی لێ بزانی، به‌ڵام ره‌نگه هه‌مووی نه‌زانی، باوكم دوو سێ شتی خسته‌وه‌ڕوو، باسی كرد، كه یه‌كه‌م گوێڕایه‌ڵی بارزانی نه‌مر بووه له ناوچه‌ی سلێمانیدا.
جارێكی دیكه سوپاسی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و جه‌نابیشت ده‌كه‌م و هه‌روه‌ها سوپاسی هاتنی نوێنه‌رتان ده‌كه‌م.
مه‌سرور بارزانی:
هه‌موومان له خزمه‌تین و ئینشائه‌ڵڵا جارێكی دیكه عه‌رزی جه‌نابت ده‌كه‌م، دواناخۆشیتان بێت و هه‌رچی پێویست بێت، جارێكی دیكه له خزمه‌تی جه‌نابتانین و خوای گه‌وره ئینشائه‌ڵڵا ره‌حم به هه‌موو لایه‌كمان بكات و ئه‌و كاره‌ساتانه دووباره نه‌بنه‌وه.
حاجی محیه‌دین سیرێ:
جارێكی دیكه سوپاس بۆ جه‌نابتان و رێز و پێزانینم هه‌یه بۆ جه‌نابی سه‌رۆك