سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

وه‌زیری په‌روه‌رده‌: مامۆستایه‌ك له‌ رووداوی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی شاری سلێمانی شه‌هید بووه‌

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوشانی وه‌زیری ناوخۆ، به‌ نوێنه‌رایه‌تی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، شوێنی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی پارێزگای سلێمانی به‌سه‌ركرده‌وه‌، ناوبراو به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، به‌هۆی ئه‌م رووداوه‌وه‌ هه‌موو كوردستان خه‌مبارن و مامۆستایه‌كیش له‌ رووداوی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی پارێزگای سلێمانی “شه‌هید” بووه‌.

شەوی رابردوو لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی سیستەمی غازی خانوویەک تەقیەوە و بەهۆیەوە خانووەکە رووخا، لەئاکامدا 15 کەس گیانیان لەدەستدا و 12ـی دیکەش برینداربوون.

ئالان حه‌مه‌سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، دوێنێ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌م به‌رپرس بوو په‌یوه‌ندی به‌ پارێزگاری سلێمانییه‌وه‌ كرد، وێڕای ده‌ربڕینی هاوخه‌می‌، چه‌ند راسپارده‌یه‌كیشی بۆیان هه‌بوو، له‌وانه‌ پشتیوانیكردنی پارێزگا و ئیداره‌ی سلێمانی.

له‌باره‌ی گه‌ڕان به‌دوای قوربانییه‌كان له‌ شوێنی رووداوه‌كه‌، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ گوتی: “سه‌رۆكی حكومه‌ت داوایكردووه‌ زۆر به‌ وردییه‌وه‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ پاكبكرێته‌وه‌، چونكه‌ ره‌نگه‌ خه‌ڵكێك له‌ ژێره‌وه‌ی خانووه‌كه‌دا مابن”. وه‌زیری په‌روه‌رده‌ راشیگه‌یاند، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ی راسپاردووه‌، هه‌رچی پێوسته‌ بۆ پارێزگای سلێمانی بكرێت.

سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی برینداره‌كانی ئه‌م رووداوه‌، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌گه‌ر له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان چاره‌سه‌ربكرێن ئه‌وا ئه‌ركی حكومه‌ته‌ ئه‌وه‌ بكات، ئه‌گه‌ر له‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كانیش پێویستییان به‌چاره‌سه‌ری هه‌بێت، ئه‌وا سه‌رۆكی حكومه‌ت خه‌رجییه‌كان له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت. دووپاتیشیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێویستییان به‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌بێت، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی ده‌ره‌وه‌ هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كانیان بۆ رایی ده‌كات”.

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ روونیكرده‌وه‌، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌م رووداوه‌ شه‌هید بووه‌، له‌ قوتابخانه‌ی خاڵه‌ جووتیار له‌ په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوای سلێمانی، مامۆستا بووه‌ و “هاوبه‌شی خه‌میانم”.