مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی بۆردوومانکردنی کۆیە و زرگوێز دەکات کە ئەمڕۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە مووشەک و درۆن بۆردوومانکران.
مەسرور بارزانی لە گوتارێکیدا لە مەراسیمی ئینستیتیوتی نوێگەری و داهێنان لە کوردستان گوتی: بەداخەوە کۆیە و زرگوێز بۆردوومان کرانەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا باسی لەوەکرد، ماوەیەکی زۆرە خۆیان بۆ ئەم بۆنەیە ئامادە کردووە، تا لە کەشێكی ئارامدا بتوانن ئەم ئینستیتوتە رابگەیێنن، بەڵام “بەداخەوە بەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە بیستمان کە کۆیە و زڕگوێز بۆردوومان کراونەتەوە و، هەندێک شەهید و برینداریش گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان”.
مەسرور بارزانی گوتیشی: ئێمە لەلایەک ئیدانەی ئەم دەستدرێژییە و پێشێلکردنی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین، لەهەمانکاتدا هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، ئارەزوو دەکەین شەهیدەکان جێگەیان بەهەشت بێت.
بەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە 14ـی تشرینی دووەم)، بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە کۆیە و زڕگوێز هێرشیان کرایەسەر.
بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان بە هۆی هێرشەکانەوە تا ئێستا کەسێک گیانی لەدەستداوە و شەشی دیکەش برینداربوونە.