چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکرێت

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا گوتی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی داوا دەکرێت رێککەوتنی شنگال بە چاودێریی کۆمەڵگای نێودەولەتی جێبەجێ بکرێت و دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە.

دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا نوێنەرایەتیمان لە برۆکسل لە یەکێتیی ئەورووپا، کە سنوورەکەی هەرسێ وڵاتی لۆکسمبۆرگ و بەلجیکیا و هۆڵەندایە و بەڵێن درابوو لەسەر کەیسی بەجینۆسایدناساندنی تاوانی دژی کوردانی ئێزدی کار بکەین و توانرا بە هەوڵی هەموو لایەک لە هەرسێ وڵات کەیسی کوردانی ئێزدی بەجینۆساید بناسرێت و لە پەرلەمانی ئەورووپاش بە هەمان شێوە، کە دەکاتە چوار شوێن، ئەمەش زۆر گرنگە بۆ دیپلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتیش کاتی خۆی بڕیار درابوو کە کار بکەین بۆ داننان بە جینۆسایدی تاوانی دژی کوردانی ئێزدی.

ئاژگەیی گوتیشی، ئەو بڕیارەی پەرلەمانی لۆکسمبۆرگ داویەتی، پاش کۆمەڵێک دانوستاندن و پەیوەندی لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە ئەنجام دراوە، جگە لەوەش پەیوەندیی باش لە نێوان هەرێم و لۆکسمبۆرگ هەیە و چەند جارێک وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی هەرێمی کردووە و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ساز داوە، هەروەها سەردانی کەمپەکانی کردووە و لە نزیکەوە قسەی لەگەڵ ئێزدیەکان کردووە و ئەو بەڵگە و دۆکیومێنتانەی بەدەستیان گەیشتووە، ئەوانەش وایان کرد بەجدی بێنە سەر خەت و کاری لەسەر بکەن، کە ئەو کەیسە بە فەرمی بەجینۆساید ناسێندرا و ئیدانەشی کراوە، کە داعش دژی ئێزدییەکان کۆمەڵکوژیی کردووە، بۆیە پەرلەمان بانگهێشتی حکوومەتی لۆکسمبۆرگ دەکات کە حکوومەت لەڕووی پراکتیکییەوە کاری لەسەر بکات لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوکاریکردنی کوردانی ئێزدی و داننانی زیاتر بە جینۆسایدی ئێزدییەکان، هەروەها حکوومەت داوا دەکات هەموو ئامرازەکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بەکار بێنێت بۆ ئەوەی تاوانی جینۆساید بێ سزا نەمێنێت و تاوانباران سزا بدرێن کە داعشن.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، پلانێک دانراوە کە لۆکسمبۆرگ بەتەنها ناتوانێ ئەو کارە بکات و پێویستە لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا هەماهەنگی دروست بکات و پێکەوە کار بکەن و میکانیزمێک بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی تاوانباران سزا بدرێن و هاوکاریی کوردانی ئێزدی بکەن، بۆ نموونە لیژنەیەک لەسەر ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر چالاکانە کار بکەن بڕیارێک دەربچێت لە ئەنجومەنی ئاسایش کە بەرزترین شوێنە، ئەمەش دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە و داواش دەکرێت عێراق ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەولەتی و فشاریش لە عێراق دەکرێت کە ببێتە ئەندام، چونکە هەر تاوانێک ئەنجام بدرێت، ئەو دادگایە دەتوانێ کەیسێک بکاتەوە و بەدواداچوونی بۆ بکات، بەڵام کە عێراق ئەندام نییە، تا ئێستا ئەو کارە نەکراوە.

دەشڵێ، هاوکات داوا دەکرێت کە رێککەوتنی شنگال لە نێوان هەرێم و بەغدا جێبەجێ بکرێت و خالەکانیش هەموویان جێبەجێ بکرێن، هەروەها ناوچەکانی خەڵک کۆچی لێ کردووە، بۆی بگەڕێنەوە و ئەمنیەتیان بۆ بگەڕێتەوە، کە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەش بە چاودێریی نێودەوڵەتی بێت، ئەمەش خاڵێکی گرنگە و لە بەرژەوەندیی هەرێمدایە، چونکە هەرێم بەردەوام جەخت لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکاتەوە و ئەگەر لایەنی نێوەدەوڵەتی بێتە ناو بابەتەکە بەهێزتر دەبێت و حکوومەتی عێراقیش هەوڵ بدات کە ئەو کچ و ژنانەی لای داعشن و ئازاد نەکراون، ئازاد بکرێن.