پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پارێزگای هەولێر: زیاتر لە 13 هەزار کارتی زەوی دەکرێن بە سەنەد

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوی کردۆتەوە کە “لە هەولێر دەست بە پرۆسەی گۆڕینی زەوییە كارتەكان بۆ سەنەد کراوە، بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتیی یەكەی گۆڕینی كارتی زەوی بۆ سەنەد دامەزراوە و ئێستا ئەم یەكەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان كار لەسەر گۆڕینی كارتەكانی شاری هەولێر و دەوروبەری دەكەن و تاوەكوو ئێستاش ژمارەیەكی زۆر كارتی زەوی كراون بە سەنەد.”

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە “لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی یەكەی گۆڕینی كارتی زەوی بۆ سەنەد كاری زیاتر لە 13 هەزار كارت لە سنووری (باغەمرە شەهاب، گەڕەكی ژین، بێریات، عەزە، گردجوتیار، كەسنەزان) بەرەو كۆتایی دەچێت و پێویستە خاوەن زەوییەكان دەست بە ئامادەكردن و كۆكردنەوەی كارتەكانیان بكەن، چونکە لە نزیكترین كاتدا لەلایەن شارەوانییەوە ئاگادار دەكرێنەوە بۆ ئەوەی دەست بە مامەڵەكردن بكەن.”

پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەو 13هەزار کارتەی دەکرێن بەسەند بەمشێوەیە دەبێت:-

 – لە بەشی باغەمرە ئەفەندی 7528 كارت.

– گەڕەكی ژین لە دارەتوو 3596 كارت.

– بێریات و عەزە 1288 كارت.

– گردجوتیار لە بەشی كورانی نوێ 638 كارت.

– بەشێک لە كەرتی 95ی كەسنەزان كە ئەویش 239 كارتە و لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بە جێبەجێكردنی مامەڵەكان دەكرێت و پڕۆسەكەش بەردەوامە.