چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان واده‌ی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی له‌ سه‌نته‌ری شاره‌كان ئاشكراده‌كات

كه‌مال محه‌ممه‌د ساڵح، وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان (به‌وه‌كاله‌ت) رایده‌گه‌یێنێت، نزیكه‌ی 80%ـی دانیتشوانی ناوچه‌ شاخه‌وانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی سپییان وه‌رگرتووه‌ و پرۆسه‌كه‌ له‌ قۆناغه‌كانی كۆتاییدایه‌، دوای ته‌واوبوونی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش نه‌وتی سپی له‌ سه‌نته‌ری شاره‌كان دابه‌شده‌كرێت.

ئه‌مڕۆ پێنحشه‌ممه‌ 10ـی تشرینی دووه‌می 2022، كه‌مال محه‌ممه‌د ساڵح، وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان (به‌وه‌كاله‌ت) به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، زیاتر له‌ 80% دانیشتوانی ناوچه‌ شاخه‌وانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی سپییان وه‌رگرتووه‌، له‌ سنووری دهۆك و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ زیاتر له‌ 36 هه‌زار خێزان نه‌وتی سپییان وه‌رگرتووه‌، له‌ سنووری هه‌ولێر و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆرانیش زیاتر له‌ 30 هه‌زار  خێزان نه‌وتی سپییان وه‌رگرتووه‌. گوتیشی: پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی له‌ ناوچه‌ شاخه‌وانییه‌كان له‌ قۆناغه‌كانی كۆتاییدایه‌ و دوای ته‌واوبوونی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌ستده‌كه‌ن به‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی له‌ سه‌نته‌ری شاره‌كان.

سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی، وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان (به‌وه‌كاله‌ت) دووپاتیكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ ناردنی به‌شه‌ نه‌وتی پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك، به‌شه‌ نه‌وتی سنووری پارێزگای سلێمانیشیان ناردووه‌ كه‌ نۆ ملیۆن لیتر بووه‌، به‌ڵام به‌گوته‌ی ناوبراو ئیداره‌كانی ئه‌و سنووره‌ هاوكارنه‌بوون له‌گه‌ڵیان بۆ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌ سه‌ر دانیشتوانی ناوچه‌ شاخه‌وانییه‌كاندا. گوتیشی: ماوه‌ی دوو رۆژه‌ پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی له‌ سنووری قه‌زای دوكان و ده‌وروبه‌ری ده‌ستپێكردووه‌ و تا ئێستا زیاتر له‌ دوو هه‌زار خێزان نه‌وتی سپییان وه‌رگرتووه‌.

ناردنی نه‌وتی سپی له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بۆ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان یه‌كێك بوو له‌و ته‌وه‌رانه‌ی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان قسه‌ی له‌باره‌یه‌وه‌ كرد و به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، بڕیاروابوو سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ به‌غدا نه‌وتی سپی بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، به‌ڵام تا ئێستا هیچ بڕه‌ نه‌وتێکی نه‌ناردووه‌. روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌و نرخه‌ی به‌غدا بۆ ئه‌و نه‌وته‌ی دیاریكردووه‌ كه‌ بڕیاره‌ بۆمانی بنێرێت، زۆر گرانه‌ و بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نزیكه‌ی 160 هه‌زار دینار دیاریكراوه‌، بێجگه‌ له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی پێویسته‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ ته‌رخانبكرێت.

وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان پێیوایه‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مده‌كاته‌وه‌ و له‌هه‌مانكاتدا خه‌ڵك ناچار نابێت دار ببڕێت و بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه‌ به‌كاریبهێنێت.

ئه‌م لێدوانه‌ی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 10ـی تشرینی دووه‌می 2022، د.جووتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، پێشووتر له‌باره‌ی پرسی نه‌وت، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق رێككه‌وتنیان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وت به‌ هه‌رێمی كوردستان بفرۆشن، نه‌ك به‌ بێبه‌رامبه‌ر پێیان بده‌ن. راشیگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق یه‌ك به‌رمیلی نه‌وت به‌ 30 هه‌زار دینار ده‌داته‌ هاووڵاتییانی باشوور و خوارووی عێراق، به‌ڵام تا ئێستا یه‌ك لیتری بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌ناردووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نۆ ملیار دیناری حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لای حكومه‌تی عێراقه‌، كه‌ بڕیار وابوو نه‌وت بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، به‌ڵام نه‌ نه‌وتیان نارد و نه‌ پاره‌ی ئێمه‌یان گه‌ڕانده‌وه‌.