هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

مەحمود محەمەد به‌ بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ی 14 په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌

ئەم کاتەتان باش هەڤاڵانی بەڕێز
بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی ١٤ـی پارتیمان (پارتی دیموکراتی کوردستان) خۆشحاڵی خۆم دەردەبڕم و، ئومێد دەکەم پڕۆگرام و پەیڕەو و، بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرەکەمان لە زوترین کاتدا کاریگەرییە ئەرێنیەکانیان لەسەر پارتیمان و دنیا بینی هەڤاڵان دەربکەوێت و، هەنگاوەکانی داهاتوشمان بەهەمان ئاراستەی خزمەت و پابەندی بە رێبازی پیرۆزی بارزانی بن.
لەم بۆنەیەدا سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی سەرجەم هەڤاڵانی پارتیمان بەگشتی و ئەندامانی کۆنگرەی چواردە بەتایبەتی دەکەم کە خەمخۆر و خۆشحاڵی سەرکەوتنمان بوون، ماندوبوون و دڵسۆزی و وەفاداری ئێوەی بەڕێز سەرمایەیەکی بەنرخی هەموو قۆناغەکانی خەباتی کوردایەتی و پارتایەتیمە.
پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆک و بەڕێزان جێگرانی سەرۆکی پارتیمان و سەرجەم هەڤاڵانی هەڵبژێردراو بۆ کۆمیتەی ناوەندی دەکەم و، بۆ ئەو هەڤاڵانەش کە لە هەڵبژاردن دەرفەتی دەرچونیان نەبوو گیانی بەرزی کادیرانە و پارتیانەیان جێگای سوپاس و پیرۆزباییە کە بوونە بەشێکی دیاری سەرخستنی کۆنگرە و نیشاندانی رووی گەشی کادیرانی پارتیمان.
لە کۆتاییدا بەڵێنی بەردەوامی و پابەندیم بە باوەڕی نەگۆڕی کوردایەتی و پارتایەتی و رێبازی پیرۆزی بارزانی دووپات دەکەمەوە، متمانە و باوەڕی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و ئەندامانی کۆنگرە بۆ ئێمە هەمیشە هاندەری زیاترمان بووە و دەبێ بۆ خزمەتکردن و ماندونەبوون لە سەرخستنی رێبازەکەمان و پاراستنی پیرۆزیەکانمان.
مەحمود محەمەد
٨ـی ١١ـی ٢٠٢٢