شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌شداری له کۆنفرانسی پایزەی دووبەی لە ئیمارات ده‌كات و له كۆنفرانسه‌كه‌دا محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان به نوێنەرایەتی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتارێک پێشکەشدەکات.
ئەمرۆ چوارشەممە 9ـی تشرینی دووه‌می 2022، لە شاری دووبەی، له وڵاتی ئیمارات کۆنفرانسی پایزەی دووبەی لە ژێر ناونیشانی (به‌یه‌كه‌وه عێراق بونیاتده‌نێین) ده‌ستیپێكرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. له كۆنفرانسه‌كه‌دا شاندێکی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و ژمارەیەک وەبەرهێنەر بەشداری تێیدا دەکەن و له‌لایه‌ن ئەنجوومەنی بازرگانی عێراقی ـ بەریتانی به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
هۆشمه‌ند سادق، نێردراوی كوردستان24 بۆ دووبه‌ی رایگه‌یاند، شانده‌كه‌ی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری ژمارەیەک وەزارەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێكهاتووه.
راشیگه‌یاند، سبەی پێنجشەممە 10ـی تشرینی دووه‌می 2022، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان به نوێنەرایەتی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتارێک پێشکەشدەکات. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، لە پانێڵی یەکەمی كۆنفرانسه‌كه‌دا، قسە لەسەر بارودۆخی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.
نێردراوی كوردستان24 روونیشیكرده‌وه، به‌گوێره‌ی به‌رنامه‌ی كۆنفرانسه‌كه، له پانێڵه‌كاندا زۆرینه‌ی وه‌زیر، بریكاری وه‌زاره‌ته‌كانی عێراق قسه‌ده‌كه‌ن و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ئابووری عێراق تاوتوێده‌كرێن.