ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستیان، سەردانی بەڕێوەبەڕایەتی گشتی باجەکانی کرد.
لەو سەردانەدا وەزیری دارایی و ئابووری، خەڵاتی بەسەر دەرچووانی خولی شیکردنەوەی ژمێرەی کۆتایی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو جۆرە خولانە دەبنە هۆکاری بەرز بوونەوەی ئاستی پیشەیی و زانستی فەرمانبەرانی باجەکان، چونكە باج سێكتەرێكی گرنگە بۆ كۆكردنەوەی داهات و بەم هەنگاوانەش دەتوانین پشت بە خۆمان ببەستین و ژێرخانێكی ئابوری گرنگ بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكەین، ئابوریەكی (ریعی) بگۆڕین بۆ فرە سەرچاوە و پشت بەخۆ بەستوو.
وەزیری دارایی و ئابووریی راشیگەیاند، ئەم خولە بەردەوامیە بۆ چاكسازی و برەودان بە توانی فەرمانبەران بۆ ئاستی پیشەیی و زانستیی، بۆیە ئێمە بنەمای پاداشت و سزامان پەیڕەوكردەوە لەو شوێنانەی كاری باشكراوە پاداشت كراون و لەو شوێنانەش سەرپێچی هەبووە كەسانی سەرپێچیكار سزادراون، تەنانەت هەندێك لە بەڕێوبەرانی بانكەكان و گومرك و دەروازەكان و بانكەكانی سلێمانی ڕووبەڕووی دادگا و یاسا كراونەتەوە. “
وەزیری دارایی و ئابوریی راشیگەیاند”ئەو فەرمانبەرانەی کە ئاستیان بەرزە، پلەیان بەرزتر دەکرێتەوە و ئەوانەشی ئاستیان نزمە لە ئەرکەکەیان دەبەخشرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێین.”
ئاوات جەناب نووری باسی لە هەنگاوەكانی بەدیجتاڵكردنی سیستمی باج كرد و گوتی:”دەبێت تەنیا بە پێی یاسا باج وەربگیرێت و باجیش تەنها لەسەر داهاتی ڕاستەقینە (قازانج) وەردەگیرێت. باج لە گەورە باجدەران و كۆمپانیاكان نابێت بە پێی خەمڵاندن بێت. بەڵكو دەبێت لەسەر بنەمای شیکردنەوەی ژمێرەی کۆتایی بێت.”






