عەبدولڕەزاق شەریف، ئەندامی پێشوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان:گومانم هەیە دواخستنی نووسینەوەی دەستووری هەرێم پیلانی دوژمنان بێت
مەزهەر كەریم – سلێمانی
عەبدولڕەزاق شەریف، چاودێری ساسی و ئەندامی پێشوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەم چاوپێكەتنەدا بۆ “هەولێر” دەڵێت:” داگیركەرانی كوردستان تا ئێستا نەیان هێشتوە دەستوورێكمان هەبێت. دەشڵێت:” لەدواخستی نووسینەوەی دەستوردا گومان هەیە و دەترسم دواخستنی نووسینەوەی دەستی دوژمنانی کوردستانی تێدابێت”
- لە دوای وازهێنانتان لە بزوتنەوەی گۆڕان تاچەند بڕواتان بەكاری سیاسی و حیزی ماوە ناتانەوێت لەحیزبێكی دیكە درێژە بەكاری سیاسی بدەن ؟
- من وازم لەبزوتنەوەی گۆڕان نەهێنا، راستیەكەی ئەوەبوو لەبەر رەخنەگرتن و هەڵوێست وەرگرتن لەخانە و جڤات دور لە پرەنسیپ و رێكاری سیاسی و رێكخراوەیی و تەنانەت ئەخلاقیش جاش و باش لەسەر دەركردنی من رێككەوتن. هەر بەو كارەی هاوڕێكانیشم لە بزوتنەوەی گۆڕان گەشتمە ئەو بڕوایەی نەئێستا و نەئایندەش بیر لەكاری حیزبی لەگەڵ هیچ لایەن و حیزبێك نەكەمەوە ، بەڵام كار و چالاكی و خوێندنەوە لە دنیای سیاسەتدا بووە بەخۆراكی رۆحم و ناتوانم دەستبەرداری ببم”.
- وەك كەسێكی سیاسی چی دەڵییت لەبارەی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان بۆ یەك ساڵی دیكە و دواخستنی هەڵبژاردن؟
- دواخستن و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لەهەر سەردەم و بەهەر بیانویەك بكرێ و كرابێت كارێكی خراپە و شەرعیەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەداخەوە لەهەرێمی كوردستان هەرحیزبێك پێش هەڵبژاردن لە پێگە و سەنگی خۆی بترسێت بەئاشكرا هەق بەخۆی دەدات داوای دواخستن و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن دەكات و قۆرتی بۆ دروست دەكات”.
- بۆچی دەستووری هەرێمی کوردستان نانووسرێتەوە؟
- ئێمە وەك كورد هەزاران ساڵە لەسەرئەم خاكە دەژین، هەرگیز لە مێژوودا داگیركەرانمان نەیانهێشتوە گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی وەك دەستوورمان هەبێت و پێكەوە بمانبەستێتەوە. بۆیەكەمجارە بەشێكمان دوای راپرسی دەستوری عێراق مافی نووسینەوەی دەستورمان لەهەرێمێكی سەربەخۆدا پێدراوە . دەبوایە هەمان رۆژی ئەو راپرسی و دەنگدانە، بۆ سەعاتێكیش دەستووری هەرێمی كوردستانمان دوا نەخستایە و لەپەرلەمانی كوردستان دەنگ لەسەر رۆژی راپرسی دەستووری هەرێمی كوردستان بدرایە! لایكەمی بۆئەوەی هەمو دنیا بزانێت كەئێمە چەند تینوی ئازادی و پێكەوە ژیان و سەروەری یاسا و پابەندبونی مرۆڤایەتین، گومانم هەیە و ئومێد و هیوام ئەوەیە دەنگی بەهانە و بیانوی دواخستنی دەستور چڕینی چریكەی دوژمنانی کوردستان نەبێت”.
- ئەو تەسفیە حساباتەی دەكرێت لەناو هەندێك حیزبی سیاسی ئایا زیانەكانی چیدەبن؟
- كەم یان زۆر ، روودان و روونەدانی تەسفیە و تیرۆر ، پەیوەندی بە تەمەنی ژیان و تەندروستی جەستە و رۆحی حزبەکەوە هەیە . ئەگەر مەبەستی پرسیارەكەت ئەم ڕووداوانەی دواییە، من دەمێكە وتومە روخاون ! خۆشحاڵی روخانیشی نەبووم ، هەتا كۆنگرەی سێ و تەمەن و توانای مام جەلال ژیانی حیزبی مابوو. لە کۆنگرەی سێ، ئەندامانی كۆنگرە و لیژنەی دارایی كۆنگرە و تۆمارەكانیش ماون كە هۆشیاریم بەهەمواندا، كۆنگرەم خستە بەردەم بەرپرسیارێتی مەرگ و بەردەوامی. تایبەتتر بڵێم : بەمام جەلالم وت ” تۆ عومری نوحت نابێت پارەكانی (ی ن ك) كۆبكەرەوە و تەسلیم بەلیژنەیەكی باوەڕپێكراوی خۆت بكە با وەك یاسر عەرەفات و حەرەكەی فەتحمان لێ نەیەت ، ئەوكات بەگۆڕان بوون تۆمەتباریان كردم.
- تا چەند یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە بە گرنگ دەزانیت؟
ئێمە پێویستمان بە هێزێكی پێشمەرگەی یەكگرتوی نیشتیمانی هەیە ، بەداخەوە زۆر دەرفەتی گەورە بۆ ئامادەیی و دروستكردنی ئەو هێزە لەدەست دراوە، بەڵام دەكرێت بڵێین نەچووە بچێت، ئێستاش تكا و تەمەنامان دروستكردنی هێزێكی پێشمەرگەی نیشتیمانیە لەرۆڵەكانی میلەتەكەمان، ئەركیان پاراستنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان بێت.
هەولێر: حکوومەتی نوێی عێراق گرنگی بە مافە دەستوورییەکانی کوردستانیان دەدات؟ - ئەو حكوومەتانەی ئێستا و ئایندە دروستدەبن لە عێراق، دژی سەرەكیترین مافی میلەتی كورد بوون و دەبن ! رەنگە كەسانێك لەحیزب یان حووكمڕانی عێراقدا هەبن دۆستی كورد و پشتیوانیشمان بن، بەڵام لەم قۆناغەدا ئەوەی ئێمە و عێراق پێكەوە گرێ دەدات ئەو دەستوورەیە كە گەلانی عێراق دەنگیان پێداوە، دەبێت نوێنەرەكانی كورد لەبەغدا بەهەر رێگەیەك بێت لەگەڵ لێكەوتەكانی سەردەمەكەیا دەگونجێ فشار و فشار بۆ جێبەجێكردنی ئەو دەستوورە بكەن كە لەدیباجەكەیدا نووسراوە جێبەجێكردنی مەرجی مانەوەی كورد و یەكگرتویی خاكی عێراقە”.
- بەدەر لە نوخبەی سیاسی، هەرگیز ڕۆژێك گوێمان لێنەبووە پیاوانی ئاینی عێراقی باسی مافەكانی گەلی كورد بكەن بەبڕوای ئێوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- ئەگەر بەدەست و خواستی نوخبەی سیاسی یان مامۆستای ئایینی عەرەبی عێراقی بێت لایكەمی هەتا پەنجا ساڵی ئایندە و هەرگیز نایبینی و نایبیستی قسەیەكی خێر بۆ دیاریكردنی حەمرینی سنوری جوگرافی و مێژویی هەرێمی كوردستان بكرێت، پێچەوانەی ئەوەش كەباس بێتە سەر دیاریكردنی سنوری هەرێم دژ و دوژمنایەتی لەهەمویان دەبیستی. ئێ بەراستیش كێشەی موزمینی كورد لەسەرەتای لكاندن و دروستكردنی عێراقەوە دیاریكردنی سنوری هەرێمی كوردستان بووە و هەمو شەڕ و قوربانییەكانیشمان لەوپێناوەدا بەخشیوە “.
- چۆن بتوانین بەرامبەر بەغدا بەهێزبین وەك هەرێمی كوردستان؟
- پێویستە شێوازی كاری سیاسی و بەشداری و حوكمداری گەلی كوردستان بەوپێیەی دەستور رێگەمان دەدات بگۆڕین . ئەو گۆڕانكاریەش دەبێت بەفشار و دەنگی خەڵكی كوردستان بكرێت ، من بڕوام وایە دیاریكردن و ئیقرار كردنی سنوری هەرێمی كوردسان ناكرێت و نابێت چیتر بەمانگ و ساڵەكانی ئایندەی بسپێرین ! عێراق چی لێمان دەوێت بەرامبەری ئەو مافە بیدەین و گەر نا ، هیچ پێویستیەك بۆ بەشداری و شەراكەتی حوكمداری لەبەغدا، نامێنێ. ئێستا دەنگێكی بەرز بۆ هەمواركردنەوەی دەستوری عێراقیش دەبیسترێت، دەكرێت ئەو تەرحەی دیاریكردنی سنور لەدانوسانی هەمواری دەستورەكەدا ، لەگۆڕینی مادەی سەدوچلدا بكرێت و بەرامبەری ئەوە هەرچیان لە پلە و پول و پۆست دەوێت بیبەخشین و بیاندەینێ”.