ناوی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سەردانی به‌غدا دەکەن

بڕیاره‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكات و له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2023 گفتوگۆبكه‌ن.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی (4ی تشرینی یه‌كه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ی رایگەیاند رۆژی سێشەممە (8ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، شاندێکی حکومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەکات و ئامانجی شاندەکەش گفتوگۆکردنە لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ـ

 گوتیشی، شاندەکەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامییەتی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و به‌دواداچوون و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ به‌غدا ده‌بێت.

هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ینی (4ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ناوه‌ڕۆكی سه‌ردانه‌كه‌ی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌غدا بۆ‌ كوردستان24 ئاشكراكرد و رایگه‌یاند، ناوه‌ڕۆكی سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ به‌غدا په‌یوه‌ندی به‌ بابه‌تی بوودجه‌وه‌ هه‌یه‌.

زیاتر گوتی، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نی داراییه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌گوێره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌ی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق كراوه‌‌، ده‌بێت به‌غدا شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ مانگه‌كانی 11 و 12ی ئه‌مساڵ بنێرێت و پێكه‌وه‌ش پڕۆژه‌ یاسای بوودجه‌ی گشتی ئاماده‌بكه‌ین و رێككه‌وتنێكی نوێش له‌ نێوان به‌غدا و هه‌ولێر بۆ ساڵی ئاینده‌ واژۆده‌كرێت.