چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

فراكسیۆنی پارتی: كاتی زۆر شت له‌گه‌ڵ یه‌كێتی هاتووه‌

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، ره‌خنه‌ی له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان گرتووه‌ و رایگه‌یاندووه‌، “كاتی زۆر شت له‌گه‌ڵ یه‌كێتی هاتووه‌”.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فراكسیۆنی پارتی به‌ ناونیشانی “بازاڕی دز  له‌ بازاڕی شێواوه‌” و تێیدا هاتووه‌: “حكومڕانیه‌تی ته‌ندروست ڕێگری له‌ مافیاگه‌ری و دزینی داهاتی وڵات و قاچاخچێتی كرد”.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: “گووتیان له‌ حكومه‌ت ده‌كشێینه‌وه‌ و پارتی ئێمه‌ به‌ شه‌ریكی ڕاسته‌قینه‌ نازانێت!، گوتمان هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین و مافی خه‌ڵكه‌، گوتیان پارتی ده‌یه‌وێت خۆی بسه‌پێنێت و ناهێڵین سه‌ندوقی هه‌ڵبژاردن له‌ودیو دێگه‌ڵه‌ دابنرێت!”.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: “حكومه‌ت ،حكومڕانیه‌تی خۆی ده‌كات و تیرۆریست ده‌گرێت و داواكراو داوا ده‌كات، -ئه‌وان- ده‌رگای ژووره‌كه‌یان له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران داده‌خه‌ن!”.

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، كه‌ زانا مه‌لا خالد، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ریكردووه‌، هاتووه‌: “كاتی زۆر شت له‌گه‌ڵ یه‌كێتی هاتووه‌، چونكه‌ ئه‌و بازاڕه‌ شێواوه‌ی یه‌كێتی ده‌یه‌وێت لێره‌ ده‌ست ناكه‌وێت”.