حکوومەتی هەرێم لە هەنگاوەکانی بۆ بە پیشەسازیکردنی کەرتی نەوت بەردەوامە

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی بەردەوامە بۆ ئەوەی پاڵاوگەی دیکە لە هەرێمی کوردستان دروست بکات و کەرتی نەوت بەپیشەسازی بکات، ئەمەش هەنگاوی زۆر گرنگن بۆ ئابووریی هەرێمی کوردستان و سوودێکی یەکجار زۆریشی هەیە کە بەرهەمی سووتەمەنی ئەرزان دەبێت و دۆخی هەرێم سەقامگیر دەبێت و ژیانی خەڵکی خۆشتر دەبێت و داهاتیش زیاتر دەبێت.

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر بێوار خنسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشی لە بواری نەوت هاویشتووە، لە لایەک داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان  کە کاریگەریی زۆریان هەبوو لەسەر خراپیی کوالێتیی بەرهەمەکانی نەوت، ئەوە هەنگاوێکی باش بوو بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و خراپیی کوالێتیی بەرهەمی نەوتی، بەتایبەت بەنزین و لە بەرامبەردا پاڵاوگەی پرۆفیشناڵ و بە تەکنەلۆژیای سەردەم دروست دەکرێن، ئەمە کارێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی بتوانێت پشت بە داهاتی ناوخۆ ببەستێت و بەرهەمەکانی نەوت لە ناوخۆ بەرهەم بێنێت، بێ ئەوەی پێویستی بە کڕینی ئەو بەرهەمانە لە دەرەوە هەبێت، بۆیە ئەو کارانە زۆر گەورەن کە بەردەوام بەرەو بەپیشەسازیکردنی کەرتی نەوت دەچێت.”

دکتۆر بێوار خنسی گوتیشی: ”حکوومەت هەنگاو دەنێت لە جیاتی فرۆشتنی نەوتی خاو، نەوت بەپیشەسازی دەکات، بەمەش دەتوانێت زیاتر پێویستیی ناوخۆ دابین بکات و هەر وڵاتێک کە خاوەن نەوت بێت و بتوانێت پێداویستیی ناوخۆ دابین بکات دۆخی ئەو وڵاتە سەقامگیر دەبێت و پێش دەکەوێت و ژیانی خەڵک خۆشتر دەبێت و دەرفەتی کار زیاتر دەبێت، بۆیە هیوادارین بەردەوام پاڵاوگە دروست بکرێن و لە دهۆک و سلێمانییش دروست بکرێن، بۆ ئەوەی ئەو کارە فراوان بێت.”

خنسی ڕوونیشی کردەوە: ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجی ئەوەیە کەرتی نەوت و ئابووری بەگشتی پێش بخات، ئەوەش لەسەر توانای ئابووری دەمێنێتەوە و ئەمنیەت بەردەوام دەبێت، چونکە هەر ناوچەیەک ئەمنیەتی پارێزراو بێت ئابوورییەکەی بەردەوام لەپ ێشکەوتندا دەبێت، چونکە حکوومەتی هەرێم خۆی پلانی هەیە ئەگەر دۆخەکە لەبار بێت پاڵاوگەی دیکەش دروست بکات، پلانەکە ئەوەیە کە سێ پاڵاوگە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک دروست بکرێن، بۆ ئەوەی کەرتی نەوت بەپیشەسازی بکرێت، ئەمەش چەندین سوودی هەیە و بەرهەمی سووتەمەنی ئەرزان دەبێت و دەرفەتی کار زیاتر دەبێت و دۆخی ئابووری باشتر دەبێت و ژیانی خەڵکیش خۆشتر دەبێت.”