ئەحمەد کانی: هێرشی پەیجەکانی یەکێتی کاریگەری لەسەر کۆنگرەی پارتی نابێت

ئەحمەد کانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەست دەکەن لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە شەڕ بە حزبەکەیان دەفرۆشرێت و ئەو هێرشانەی میدیاکانی یەکێتی دەیکەن، مەبەستیانە کاریگەری لەسەر بەستنی کۆنگرەی 14ی پارتی دروست بکات.

ئەحمەد کانی، بە کوردستان24ی گوت: “ئێستا پارتی سەرقاڵە بە بەستنی کۆنگرەی 14، لەگەڵ رێزم ئەوەی هەستی پێدەکەین نەک لەلایەن یەکێتی، بەڵکو لەلایەن کاک بافڵەوە شەڕ فرۆشتنێک بە پارتی هەیە، ئەگەرنا شتێکی وا لە ئارادا نییە تا کێشەکان قووڵبکرێنەوە”.

گوتیشی: “ئەو شەڕفرۆشتنە هیچ کاریگەری لەسەر بەستنی کۆنگرەی 14ی پارتی نابێت”.

ئەحمەد کانی باسی لەوەشکرد: “لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی ئەفسەرێکی دژەتیرۆر لە هەولێر کارێکی ئاسایی دەزگا ئەمنییەکانە، لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت ئەو لایەنە یان ئەو کەسانەی دەستیان لە کردەوەکەدا هەبووە، ئێستا بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو بابەتە ئەو دۆخە هاتووەتە ئاراوە”.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی، دەشڵێت: “ئەگەر سەیری هەندێک لە پەیجە سێبەرەکانی یەکێتی بکەین، هێرشەکانیان بۆ ئەوەیە کاریگەری لە هەڤاڵان و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی خەڵکی پارتی بکەن، بەڵام هیچ کاریگەریان نابێت”.

سەبارەت بە سەردانی شاندی وەزاری پارتی بۆ لای لایەنەکان، ئەحمەد کانی گوتی: “ئەو شاندە هەڵوێستی پارتی لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بۆ لایەنەکان رووندەکەنەوە، ئەگەر نیگەرانییەک هەبێت ئاساییە پارتی روونکردنەوە بدات، بەڵام ئەگەر بۆ پەردەپۆشکردنی بابەتێک بێت شتێکی دیکەیە”.

دەشڵێت: “هەندێک جار مونافسەکانی پارتی مونافەسەیەکی سەقەت لەگەڵ پارتی دەکەن، پێیانوایە بەو کارانە کاریگەری نەرێنی دەخەنە سەر پارتی، بەڵام دەرئەنجامەکەی نەک هەرخۆیان، بەڵکو کورد و پرۆسەی سیاسی لە کوردستان زەرەرمەند دەبێت”