دابەشكردنی نەوتی سپی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەردەوامە

 پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەكان و ناوچە دەشتاییەكان جیاوازە و رۆژانە بە پێی سیستەمێكی تایبەت لە ڕێگەی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت و گاز لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆییەكان دابەش دەكرێت. 

فەلاح مەولود ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی كانزایی لە لێدوانێكدا بۆ پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:”دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی كراوە و تا ئێستا لە پارێزگای هەولێر ٤ ملیۆن و ٤٨٨ هەزار و ٣١٠ لیتر و لە پارێزگای سلێمانی ٨ ملیۆن لیتر و لە پارێزگای دهۆک ٦ ملیۆن و ٦٤٦ هەزار و ١٧٤ لیتر و لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ٢٢٠ هەزار لیتر و لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەک ملیۆن و ٢١٣ هەزار و ٢٠٠ لیتر نەوتی سپی بەسەر ماڵان دابەشكراوە.  ”

بەپێی داتاکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە دهۆك ١٠ هەزار و ٧٠٠ خێزان و لە گەرمیان هەزار و سەد خێزان و لە سۆران ٦ هەزار و ٦٦ خێزان، نەوتیان وەرگرتووە کە كۆی گشتی دەگاتە ١٧ هەزار ٨٦٦ خێزان و  بۆ هەر خێزانێكیش ٢٠٠ لتر دابین كراوە. 

فەلاح مەولود گووتیشی، بڕە نەوتێکی زۆر لە کۆگاکانی بەڕێوەبەڕایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی هەیە، هەر کاتێک لە ڕێگەی قائیمقامیەتەكانەوە داوا بکەن، نەوتەکەیان بۆ دەنێردرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی كانزایی لەبارەی نرخی نەوتی سپی وتی:”نەوتی سپی ٢٨٤ هەزار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت و  بە نرخی پاڵپشتیکراوی ١٠٠ هەزار دینار دەدرێتە هاوڵاتیان.”

لە ئێستادا پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان بەردەوامە و دوایی ئەویش لە ناوچەکانی دەوروبەر و سەنتەری شارەکان دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.