شاندی وەزاری پارتی و کۆمەڵی دادگەری کۆبوونەوە

لە درێژەی کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا، شاندی وەزاری پارتی، لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری کوردستان کۆبووەوە، لە کۆبووەنەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر نیگەرانییەکانی یەکێتی و گلەییەکانی پارتی لە یەکێتی کران.

دوای تەوابوونی کۆبوونەوەکە، پشتیوان سادق ئامانجی سەردانی شاندی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لای کۆمەڵی دادگەری روونکردەوە.

کردەوە تیرۆریستییەکەی رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم لە شاری هەولێر و داهاتی سنووری پاریزگای سلێمانی و هەڵەبجە لەگەڵ ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

پشتیوان سادق لەگەڵ ئاماژەدان بە تیرۆرکردنی هاوکار عەبدوڵڵا جاف، ئەفسەری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، گوتی: ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە هەولێر و کوردستان قبووڵکراو نییە، بۆیە ئاسایش و سەقامگیری بەلای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هێڵی سوورە و نابێت هیچ کەسێک پەنا بۆ ئەو جۆرە کردەوانە ببات.

پشتیوان سادق هاوکات لەگەڵ دووپاتکردنەوەی هەماهەنگی و تەبایی و برایەتی لە نێو تیمی ئەنجوومەنی وەزیراندا رایگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران، بەیەک چاو سەیری هەموو ناوچە و شارەکانی کوردستان دەکات، هەر بۆیە پێویستە بە هەمان شێوەش ئاگاداری داهات و خەرجیی هەموو پارێزگاکان بێت.

دووپاتیشیکردەوە، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نەبووە و ناشبێت، بەڵام تێبینی و سەرنجیان لەسەر یەکێتی هەیە وەکو حزب، راشیگەیاند، هەموو کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن و ئامادەیی پارتیشی نیشاندا بۆ گفتوگۆ و دانیشتن لەگەڵ یەکێتی.

لەلایەن خۆشییەوە عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند “کوردستان رۆژبەرۆژ بە بارودۆخێکی ناسکتر و دژوارتردا تێدەپەڕێت، بە هۆی ئەم ناکۆکی و کێشانەوە، سیمای دوو ئیدارەیی زەقتر دەبێتەوە. ئەمە بۆ هەموو لایەنێکمان خراپە و زیاتر بە زیانی خەڵک تەواو دەبێت.”

ئەو، وەک رێگەچارەیەک بۆ چارەکردنی کێشەکان رایگەیاند، پێشنیار دەکەین لیژنەیەکی پەرلەمانی لە هەموو لایەنەکان پێکبهێندرێت، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد بۆ داهاتی هەموو شوێنەکان بکات و پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات و ئەگەر پێویستیش بێت، بۆ رای گشتی بیخاتەڕوو.