ئەمساڵ بەنداوی خنس تەواو دەبێت

بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک گوتی، کار بۆ تەواوکردنی بەنداوی خنس بەردەوامە و ڕێژەی تەواوبوونی گەیشتووەتە 99% و ئەمساڵ ئاوی تێدا گل دەدرێتەوە و کار دەکرێت بۆ ئەوەی پێش هاتنی وەرزی زستان تەواو بێت.

فەرهاد محەمەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”کار بۆ تەواوکردنی بەنداوی خنس بەردەوامە و دەستمان بە گلدانەوەی ئاو کردووە وەکوو تێست و ڕێژەی تەواوکردنی گەیشتووەتە 99% و ئەمساڵ دەتوانین ئاوی تێدا گل بدەینەوە و بەنداوەکە تەواو دەبێت.”

فەرهاد محەمەد گوتیشی: ”هەندێک وردەکاریی ماوە و بەردەوام کار دەکەین بۆ ئەوەی پێش وەرزی زستان تەواوی بکەین، نزیکەی مانگێک تا دوو مانگی دیکە بەنداوەکە تەواو دەبێت کە زیاتر لە نۆ ملیار دیناری بۆ تەرخان کرابوو و دەتوانرێت نزیکەی حەوت ملیۆن مەتری چوارگۆشە ئاوی تێدا گل بدرێتەوە.”

محەمەد ڕوونیشی کردەوە: ”بڕیارە دوو بەنداوی دیکە لە سنووری دهۆک دروست بکرێن کە یەکێک لە قەزای سێمێل دەبیت و ئەوەی دیکەش لە گەلیی بەنداو.”

ھەواڵی زیاتر