ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان 28 كه‌س له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستگیرده‌كات

دامه‌زراوه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر 28 كه‌س به‌تۆمه‌تی هه‌ڕه‌شه‌، لێدان، سه‌رانه‌سه‌ندن، دۆلاری لیبی و دراوی سه‌خته‌ ده‌ستگیرده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24ـی تشرینی یه‌كه‌می 2022، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: له‌ هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌پێناو ئارامی و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و پاراستنی سه‌روماڵی هاووڵاتییان له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌كانمانه‌وه‌، له‌ رێككه‌وتی 31ـی ته‌ممووزی 2022 تا ئێستا له‌ شاری هه‌ولێر توانرا 28 كه‌س كه‌ پێكهاتوون له‌ 19 هاووڵاتیی هه‌رێمی كوردستان، شه‌ش هاووڵاتی سووری و سێ كه‌سی خه‌ڵكی به‌غداد به‌تۆمه‌تی هه‌ڕه‌شه‌،  لێدان، به‌كارهێنانی ناوی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان، سه‌رانه‌سه‌ندن، مامه‌ڵه‌كردن به‌ دۆلاری لیبی و دراوی سه‌خته‌ ده‌ستگیركراون به‌ نۆ دۆسیه‌ی په‌یوه‌ست به‌و بابه‌ته‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: تۆمه‌تباران كه‌ ژماره‌یان 28 كه‌سه‌ به‌پێی مادده‌كانی 452 و 281 له‌ یاسای سزادانی عێراقی و بڕیاری 160ـی ساڵی 1983 له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستگیركراون و ئاماده‌یی به‌رده‌م دادگا كراون.