میدیا لە توركیا بەیەکجارەکی سانسۆر كرا

كارزان گلی – هه‌ولێر

پڕۆژەیاسای (زانیاریی چەواشە)، لە لایەن پارتی ئاكەپە و مەهەپەوە بە كۆی دەنگ لە پەرلەمانی توركیا تێپەڕی، ئەمەش بەو مانایە دێت، لەمەوبەدوا هەر میدیایەك لە توركیا، یان هەر كەسێكی ئاسایی، زانیاریی چەواشە بڵاو بكاتەوە، سزای زیندانی بەسەردا دەسەپێندرێت، كە لە ساڵێك زیاتر نەبێت و لە سێ ساڵ كەمتر نەبێت. ئۆپۆزسیۆنی توركیا هاواری لێ هەستاوە و دەڵێت ئەمە تەنیا لە سیستەمی دیكتاتۆریدا هەیە و دەبێت رابگیرێت.

ئەوەی مشتومڕی زۆری لەسەرە، مادەی ٢٩ی ئەو یاسایەیە، كە لەوێدا بەروونی باس كراوە كێن ئەو كەسانەی زانیاریی چەواشە بڵاودەكەنەوە و دەبێت زیندانی بكرێن.
لە مادەی 29دا هاتووە: ”ئەگەر بێت و نیگەرانی لەناو خەڵكدا دروست بكرێت، ترس و دڵەڕاوكێ بڵاو بكرێتەوە و ئاسایشی وڵات لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بخرێتە مەترسییەوە، هەروەها زانیاریی نادروست لەبارەی حكوومەت بڵاو بكرێتەوە و ئاشتیی كۆمەڵایەتی تێک بدرێت، ئەو كەسە یان میدیایە، سزای زیندانی بەسەردا دەسەپێندرێت، كە لە ساڵێك كەمتر نەبێت و لە سێ ساڵیش زیاتر نەبێت“.
كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، دەڵێت ئەم یاسایە دەربچێت یان نا، توركیا هەر سیستەمێكی تاكڕەوانە بەڕێوەی دەبات.
وەكو جەهەپەش، بەفەرمی داوای یاسایییان لە دادگای دەستووری توركیا تۆمار كردووە و داوا دەكەن ئەو یاسایە رابگیرێت و كاری پێنەكرێت.
كلیچدارئۆغڵو، لە وتارێكدا نموونەی سەرۆكی پێشووی مالیزیا دەهێنێتەوە و بە رەجەب تەییب ئەردۆغان دەڵێت وانەی لێوەرگرە.
كلیچدارئۆغڵو دەڵێت: ”نەجیب رەزاق، سەرۆك وەزیرانی پێشووی مالیزیا، دوای ئەوەی بووە سەرۆك وەزیران، لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی، نابێت ئینتەرنێت لە مالیزیا بەهیچ شێوەیەك سانسۆر بكرێت. بەڵام لە 2015، ئاشكرا بوو كە سندوقی دراوی مالیزیا، بڕی 700 ملیۆن دۆلاری خستووەتە سەر هەژماری نەجیب، ئەمەش بووە هەواڵ و بڵاوكرایەوە. نەجیب، یاسایەكی دەركرد، كە قەدەغەی هەموو ئەو میدیایانە بكات بە هەڵە زانیاری بڵاودەكەنەوە و یاسای سانسۆری میدیای هێنایە پەرلەمان و قبوڵ كرا. لە هەڵبژاردنی 2018، نەجیب دۆڕاندی و پاشان بەهۆی ئەو گەندەڵییەی كردبووی درایە دادگا، بۆیە رۆژێك هەر دێت عەدالەت رێگەی راستەقینەی خۆی بگرێت و كەس گومانی لەوە نەبێت“.
بەڵام بەرپرسانی ئاكەپە، پێچەوانەی جەهەپە و پارتەكانی تری دژ بەو پڕۆژەیاسایە بیر دەكەنەوە، ئەوان دەڵێن، بەو یاسایە رێگە لە هەموو ئەو میدیا و كەسانە دەگرین، كە بە ئارەزووی خۆیان لە سۆسیال میدیا سووكایەتی دەكەن و كەسیش لێیان ناپرسێتەوە.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، زیاتر لە 5 هەزار داوای یاسایی لەسەر هاووڵاتیان تۆمار كردووە، كە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە سووكایەتییان پێ كردووە، لە بەشێكیان خۆش بووە بەشێكیش پارە پێژماردوونە.
بەڵام بەجێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە، ئیدی هەر كەسێك سووكایەتیی پێ بكات، لە زیندان خۆی دەبینێتەوە.