سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: لە رێكخستەوەی هێزەكانی پێشمەرگە به‌رده‌وامده‌بین

سەرۆك ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پێكهێنانی فرقەكانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان دەکات و تێیدا رایگه‌یاند، وەزارەتی پێشمەرگە لە گۆڕانكارییەكان و چاودێریكردنی ئەو فەرمان و بڕیارانەی بۆ رێكخستەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌:  ئەمڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 23ـی تشرینی یه‌كه‌م / ئۆكتۆبەری 2022)، فەریق روكن عیسا عوزێر سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی  نوێنەری هێزەكانی 70 ، 80 و نوێنەری هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی كوردستان، سه‌رپه‌رشتی كۆبونەوەیەكی تایبەت بە پێكهێنانی دوو فیرقەی سەربازی كرد، كە پێشتر بە مەبەستی كۆكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەپێی “سیاقاتی عەسكەری بۆ تەئمینكردنی  قیادە و سەیتەرە”، بڕیاری پێكهێنانی لەسەردرابوو.

سەرۆكی ئەركانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، تیشكی خستە سەر گرنگی پێكهێنانی  فرقەكان و هەماهەنگی لەنێوان میحوەركان و یەكە سەربازییەكانی  دیكه‌.

دووپاتیشیكرده‌وه‌،  وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت  لە گۆڕانكارییەكان و چاودێریكردنی ئەو فەرمان و بڕیارانەی بۆ رێكخستەوەی هێزەكانی پێشمەرگه‌ ده‌ركراون.