سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

قوتابیيان و خوێندکاران هاندەدرێن بۆ ئەوەی کارتی دەنگدان نوێ بکەنەوە

بەمەبەستی هاندانی هاندانى خوێندکاران و قوتابییان و گەنجان بۆ بەشدارى کردنیان لە پرۆسەی تۆمارى بایۆمەترى لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی و کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانى عێراق هەماهەنگى دەکەن.

ئەم هەمانگییە لە میانى کۆبوونەوەیەکی نێوان د. عبدالفتاح عبدالرزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و حەیدەر محەمەد، بەڕێوەبەری نوسینگەى هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیى هەڵبژاردنەکانی عێراق تاوتوێ کرا.

لەدیدارەکەدا بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستخۆشی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد لەبەرامبەر کارو چالاکیەکانیان لە بواری هاندان و کارئاسانی کردن بۆ کردارى تۆماری بایۆمەتری و دەرکردنی کارتی دەنگدان، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین ڕاسپاردە و بەرچاوڕوونی گرنگ خرایەڕو بۆ ئەوەى کارمەندانی کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان باشتر بتوانن سەرنجی هاووڵاتییان و بەتایبەت گەنجان و لاوان رابکێشن بۆ ئەوەى ڕوو لە بنکەکان بکەن بۆ کردارى تۆماری بایۆمەتری و دەرهێنانی کارتی دەنگدان.

بەڕێوەبەری نوسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند:”لەهەوڵداین لەڕێگەی ناوەندەکانى دەنگدان و کاراکردنی تیمەکانی گەڕۆک ئەو تەمەنانەى لە هەڵبژاردنى داهاتو بەشدارى دەنگدان دەبن، سەردانى ناوەندەکانى دەنگدان بکەن یان لە ڕێگەى تیمى گەڕۆکەکانى کۆمسیۆن بایۆمەتریان بۆ بکرێت و ببنە خاوەنى کارتى دەنگدانى تایبەت بەخۆیان، بەتایبەت لەناو خوێندکاران و قوتابیانى زانکۆ و گەنجان و لاوان.”