چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

راوێژکارانی ئەڵمانیاتاوەکو ئۆکتۆبەری 2023 لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە

پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی دەنگی دا بە مانەوەی سەربازانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە گوێرەی دەنگدانەکە سەربازانی ئەڵمانیا تاوەکو تشرینی دووەمی 2023 لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەمێننەوە .

دوای پەسندکردنی بڕیاری مانەوەی سەربازانی ئەڵمانیا لەلایەن حکوومەتی ئەو وڵاتەوە، پێویست بوو لەپەرلەمانی فیدراڵی وڵاتەکەش دەنگ بە مانەوەی هێزەکان بدرێت و پەرلەمان پەسندی بکات، رۆژی هەینی پەرلەمانی ئەڵمانیا لەوبارەوە کۆبووەوە و دەنگی دا بە درێژکردنەوەی ماوەیمانەوەی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان، بەوجۆرەش راهێنەر و راوێژکارانی ئەڵمانیا تاوەکو ساڵێكی دیکە لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە .
ئێستا نزیکەی 500 راوێژکار و راهێنەری ئەڵمانی لە هەرێمی کوردستانن، مەشق بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دەکەن لە شەڕی دژی داعش
بە گوێرەی راگەیێنراوێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا:” هێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیا کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان نیشتەجێن بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی هێزەکان لە شەڕی دژی داعش و دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری لە عێراق، رێگەنەدان بە سەرهەڵدانەوەی داعش.”
راگەیێنراوەکە دەڵێ؛ ئەو هێزانە کە ژمارەیان 500 راهێنەر و راوێژکار دەبێت تاوەکو ساڵێكی دیکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەمێننەوە.”
لە دانیشتنەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیا 644 پەرلەمانتار ئامادەبوون،لەو ژمارەیە 535 پەرلەمانتار بە بەڵێ دەنگیان دا بۆ مانەوەی هێزەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان،هاوکات 104 پەرلەمانتاریش بە نەخێر دەنگیان دا، هەرچەندە بەرلین لە سەرەتای ساڵی رابردوو کۆتایی بە ئەرکیسەربازی سەربازانی وڵاتەکەی هێنا لە سووریا، بەڵام بە پێویستی دەزانێ لە عێراق بمێنێتەوە تاوەکو هاوکار بێت لە رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
پەرلەمانی ئەڵمانیا هەروەها لە دوای بڕیارەکە رایگەیاند:” بڕیاری مانەوەی 500 بوندشڤەیر( سوپای ئەڵمانیا) بۆ راهێنان و راوێژە بە هێزە چەکدارەکان و هێزەکانی ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان،بۆ ئەرکەکانی راوێژ و هاوکاری ئاسمانی،دەریایی، گواستنەوە و زانیاری لەبارەی هۆشداری دۆخی نەخوازراو دێت .”
مارین زیمارمەن، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەڵێ :” مانەوەی ئەو هێزانە بۆ بەرژەوەندی ئاسایشی ئەڵمانیا و ئەوروپاشە .”
بەپێی گوتەی ئەو پەرلەمانتارە،ئەرکی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ناگۆڕێت، درێژکردنەوەکەش لەسەر خواستی هاوبەشانی ئەڵمانیایە لە شەڕی دژی داعش .
ئەڵمانیا رۆڵی کاریگەری هەبووە لە شەڕی دژی داعش لە ماوەی 8ساڵی رابردوودا،لە چەند ساڵی رابردوو بەردەوام بووە لە ناردنی هاوکاری سەربازی و راهێنان و راوێژ بە هێزەکانی پێشمەرگە،زۆربەی سەربازانی ئەڵمانیانش لە هەرێمی کوردستان جێگیرن.

ئەڵمانیا ٥٠٠ راوێژکار و سەربازی لە عێراق هەن
ئەڵمانیا لە ساڵی 2014وە لەوەتەی داعش هێرشی کردە سەر کوردستان یەکێک بوو لەو وڵاتانەی زۆرترین هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد،نزیکەی 150 سەربازی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن، بەشداریشە لە چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکگرتنەوەی هێزەکان، سەرۆک بارزانی هەروەها لە 2014 ئەڵمانیای وەکو هاوپەیمانێکی بەهێزی هەرێمی کوردستان لە شەڕی داعش وەسف کرد، کۆنسوڵی ئەوکاتی ئەڵمانیاش رایگەیاند پەیوەندیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە باشترین ئاستدایە .
بۆ شەڕی داعش حکوومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدابوو هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات، شتانمایەر وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەڵمانیا ئەوکات گوتی:” ناتوانین دەستی هاوکاری بۆ ئەوانە درێژ نەکەین کە لە جیاتی ئێمە شەڕی داعش دەکەن، پاشان لەبارەی ناردنی هاوکارییەکان پرسیاری لێکرا، گوتی بۆتان دەردەکەوێت، دواتریشیەکەم کاروانی هاوکاری سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان لە ئابی٢٠١٤ نێردرا، پە مانگی ئەیلوول کاروانێکی دیکەی سەربازی و چەکی بۆ پێشمەرگە نارد، لە نێویاندا چەکی میلان و چەندین جۆری دیکەی چەک، هاوکارییەکانی ئەوکاتی ئەڵمانیا چەک وەتفاقی ٤ هەزار پێشمەرگە بوون، ئەڵمانیا هەروەها بنکەیەکی مەشق و راهێنانیشی دانا،تاوەکو ئیستاش بە بەهای نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار هاوکاری پێشمەرگەی کردووە، لە چەندین بۆنەی جیاوازیشدا، ئەڵمانیا هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگەی دووپات کردووەتەوە و خۆیشی بە تەنیا ٤ جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد .