پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

شێوازی حوکمڕانی و ژیانی کۆمەڵایەتی و سەربازی و ئابووری شارستانییەتەکانی هەزارەی دوومی پێش زایین لە کوردستان دەخرێتەڕوو

سیمپۆزێۆمی زانستیی شوێنەواری تایبەت بە هەزارەی دووەمی پێش زایین تایبەت بە کوردستان بەڕێوە دەچێت.
کەیفی مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی راگەیاند، سیمپۆزێۆمی زانستی شوێنەواری تایبەت بە هەزارەی دووەمی پێش زایین تایبەت بە کوردستان بە هاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان و پەیمانگای فەڕەنسی IFPO لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەمە (٢٣ – ٢٤) تشرینی یەکەم لە هۆڵی توانا مرۆییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوزار لە گەڕەکی ڕووناکی بەڕێوە دەچێت.
کەیفی مستەفا گووتیشی لە دوو رۆژی سمپۆزێۆمدا، ١٢ بابەتی زانستی لەلایەن چەند پسپۆرێکی بواری شوێنەوار لە ناوخۆ و دەرەوە بەتایبەتی ئەنجامی نوێی هەڵکۆڵین لە هەرێمی کوردستان بۆ سەردەمی هەزارەی دووەمی پێش زایین (چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا) لەگەڵ هەندێ کار و چالاکیی شوێنەوارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک پێشکەش دەکرێن.
بە وتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری هەرێمی کوردستان، لە لێکۆڵینەوە زانستییەکانی شوێنەواردا، حوکمڕانی ئەوکات و شێوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سەربازی و ئابووری و جۆری حوکمڕانییەکەیان و پەیوەندییان لەگەڵ شارستانییەتەکانی دەوروبەر دەخرێنە ڕوو. بەتایبەتی گرنگی بە رۆڵ و کاریگەری لەسەر بونیادنانی شارستانییەت لە ناوچەی میزۆپۆتامیا لە لایەن هەردوو شارستانییەتی ئاشووری و میتانییەکانەوە دەدرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢