سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌كات

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ كاروباری دیپلۆماسی بازرگانی كرد و هه‌ردوولا جەختیان لە برەودان بە په‌یوەندییەکان لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ بازرگانان و سەرمایەگوزاران و نەھێشتنی ئاستەنگەکان لە بەردەم جوڵه‌ی بازرگانی كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (20ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد بە سەرۆکایەتی مەهدی سەفەری، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری دیپلوماسیی ئابووری و به‌ ئاماده‌بوونی عەلی فکری، جێگری وەزیری ئابووری ئێران.

له‌ دیداره‌كه‌دا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران تاووتوێ کرا. هه‌روه‌ها جەخت لە برەودان بە په‌یوەندییەکان لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ بازرگانان و سەرمایەگوزاران لە ھەردوولا و نەھێشتنی ئاستەنگەکان لە بەردەم جوڵه‌ی بازرگانی کرده‌وه‌.