سلێمان تاشان – ههولێر
باسی گەندەڵییە نوێییەكانی حکوومەتی عێراق دەکرێ، کە قەبارەکەی زۆرە و گەڕاندنەوەی دەتوانێت بەشێکی گرینگ لە خزمەتگوزارییەکانی عێراق دابین بکات. بڕەکەی دو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە و تا ئێستا هیچ کەسێک بەرپرسیاریەتیی نەمانی ئەو پارەیەی بە ئەستۆ نەگرتووە، بۆیەش دامەزراوە جیاوازەکانی وەک دەستەی دەستپاکی، پەرلەمان و دادگا دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و، نێردەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی هێناوەتە سەر خەت.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەم ١٩ی تشرینی یەکەم، هەریەک لە ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق و هیام نیعمەت، وەزیری دارایی بە وەکالەت و سەرۆکی دەستەی گشتیی باجی عێراق، لە لایەن لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراقەوە بۆ پرسی دیارنەمانی پارەکە لێپرسینەوەیان لێ بکرێت.
چوار ڕۆژ لەمەوبەر ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوت لە تویتێکدا ڕای گەیاندبوو دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار پارەی دەستەی گشتیی باجی عێراق لە بانکی ڕافیدەین دراوەتە ژمارەیەک کۆمپانیا. ئەو خۆی ئاماژەی داوە ئەوەی ڕووی داوە دزیکردنە و ئەو کاتەی وەزیری دارایی بووە بە وەکالەت لێکۆڵینەوەی لەو دۆسیەیە کردووە و ئەنجامەکەی داوەتە لایەنە پێوەندیدارەکان.
ڕوونکردنەوەی وەزیری نەوت چەند سەعاتێک دوای ئەوە بوو کە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیارێکی دەرکرد بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی وەزیری دارایی بە وەکالەت لە ئیحسان عەبدولجەبار، کە لە دوای دەستلەکارکێشانەوە عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی پێشوو، ئەو پۆستەی پێ درابوو.
دۆسیەکە لە ئاستی عێراق و تەنانەت میدیای جیهانیش هەرای ناوەتەوە و نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەسەر دۆسیەکە قسەی کردووە. جێنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد ئەو پارەیە بگەڕێندرێتەوە و لە کەرتی خزمەتگوزاری خەرج بکرێت.
پێویستە بگوترێ وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە لە بەرواری شەشی ئەیلوولی ڕابردوو بە فەرمانی ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری پێشووی دارایی عێراق، بڕیار دراوە لیژنەیەک پێک بهێنرێت بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی بڕە پارەیەک و ڕوودانی گەندەڵی، یەکەم هەنگاوی لیژنەکە ئەوە بووە سەرۆکی دەستەی گشتیی باج لە پۆستەکەی دوور بخاتەوە.
عەلی عەلاوی وەزیری پێشووتریش لیژنەیەکی دیاری کردبوو و بڕیاری دابوو هیچ بڕە پارەیەک بە بێ ڕەزامەندیی ئەو لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢١ەوە بۆ هیچ شتێک تەرخان نەکرێت.
دەستەی دەستپاکی و دەزگای دادیش لای خۆیا دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بەو هۆیەوە ژمارەیەک لە کارمەندان و خاوەن کۆمپانیا و ئەو کەسانە گیراون کە لەو گەندەڵییەدا تێوە گلاون یان بە هەر هۆکارێک سوودمەند بوون.
وەزارەتی دارایی پێی وایە لە هەژماری پارەی دەستەی گشتیی باج و گومرک کێشەیەک هەیە کە بۆ ساڵانی ڕابردوو دەگەڕێتەوە و پارەکەش ساڵ بە ساڵ کەڵەکە بووە و وەزارەتەکە نەیتوانیوە لە کاتی خۆیدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.
هاوکات دەستەی دەستپاکی بڵاوی کردەوە، بۆ دیارنەمانی سێ تریلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار لە وەزارەتی دارایی دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و دۆسیەکەیان ڕادەستی دادگا کردووە.
لە بەیاننامەیەکدا کە دەستەکە ڕۆژی یەکشەم ١٦ی ئۆکتۆبەر بڵاوی کردەوە، هاتووە ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵا و کارمەندانی پێوەندیدار لەو دۆسیەیە تێوەگلاون و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
رۆژێک پێشتر میدیاکانی عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئیحسان عەبدولجەبار لە پۆستی وەزارەتی داراییان بڵاو کردەوە کە دەڵێ ڕاپۆرتی سەرەتایی باس لە دیارنەمانی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بووە کەچی لێکۆڵینەوە سەلماندوویەتی پارەکە زۆر زیاترە و دەگاتە دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار.
هەر دوێنێ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند دادگای لێکۆڵینەوەی دووەمی کەرخ بڕیاری داوە ژمارەیەک بەرپرسی دەستەی گشتیی باجی عێراق ڕاپێچی دادگا بکات بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەبارەی دۆسیەی بردنی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار کە دراوەتە پێنج کۆمپانیا. هەر یەک لە بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی باج و یاریدەدەرەکەی، سەرپەرشتیاری هۆبەی دارایی و چاودێری، بریکاری هۆبەی دارایی و بەڕێوەبەری هۆبەی دارایی دەستەکە بڕیار دراوە لە دادگا لە پێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
بڕیارە سبەی پێنجشەمیش شاکر زوبێدی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق لەبارەی هەمان دۆسیەوە بانگهێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بکرێت.
گەندەڵیی لە عێراق شتێکی نوێ نییە و قسە لە دیارنەمانی سەدان ملیار دۆلار دەکرێ و هەر ئەوەش هۆکار بووە عێراق لە دۆخێکی ناسەقامگیری ئابووری و خزمەتگوزاریدا بمێنێتەوە و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان نەتوانن داخوازی خەڵک جێبەجێ بکەن و سەیر لەوەدایە هیچ بەرپرسێکی باڵا لەسەر گەندەڵیی سزا نەدراوە و کەم نین ژمارەی ئەو گەندەڵکارانەی کە هێشتا ڕۆڵیان هەیە لە بەڕێوەبردنی وڵات.