ئەمساڵ هەناری هەڵەبجە دەگاتە وڵاتی ئیمارات

ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی لیژنەی تایبەتمەندی وەزارەت، لەگەڵ ڕاوێژکارانی وڵاتی هۆڵەندا و تیمێکی پسپۆری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تاووتوێی چەندین بواری گرنگی کشتوکاڵی کرا، لەوانەش:

١- پڕۆسەی بەبازاڕکردن و بە براندکردنی بەروبوومە  ناوخۆییەکان کە بۆ ئەمساڵ بەرهەمی هەناری هەڵەبجە وەکو براندێکی کوردی دەگاتە بازاڕەکانی ئیمارات و لە ئێستادا ئامادەکارییەکان لەڕووی کوالیتی و لۆجستی ئامادەکراون.

٢- گفتوگۆکردن دەربارەی چۆنیەتیی پەسندکردنی پەیپەری نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و حکوومەتی هۆلەندا، بۆ ئەوەی کە خاڵ و بڕگە و ماددەکانی دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

٣- لەسەر بابەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی زەوی و زار، بۆ ئەوەی ئاستەنگ و رۆتین لەبەردەمی جووتیاران و وەبەرهێنەران و خاوەنی پڕۆژەکان کەمبکرێتەوە. لە کاتێکدا کە دەیانەوێ سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدەن.

لە کۆتاییدا باس لە بابەتی بەبازاڕکردنی بەروبومە کشتوکاڵییەکان و رێکخستنەوەی شێوازی رێنمایی کشتوکاڵی و هاوکاریکردنی جووتیاران کرا، لە چۆنیەتیی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی کشتوکاڵی، بە مەبەستی نوێکاری و  پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵی.

ھەواڵی زیاتر