چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ئایا هەڵگرتنی ئاڵای كوردستان لە توركیا وەكو تاوان سەیر دەكرێت؟


حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئاڵایەكەی كە كوردستانە، بەفەرمی لەلایەن حكوومەتی توركیا ناسێنراوە، بەڵام لە كرداردا ئەو ئاڵایە بووەتە دێوەزمەیەكی گەورە بەلای دەسەڵاتدارانی توركیا و بەردەوام خەڵكی لەسەر دەستگیر دەكەن. لە توركیا تەنیا هەڵكردنی ئاڵای كوردستان قەدەغە نییە، تەنانەت هاووڵاتییەكی توركیا لە هەر شوێنێكی ئەم دنیایە ئاڵای كوردستان هەڵبكات و نیشانی بدات لە توركیا داوای یاسایی لەسەر تۆمار دەكرێت.

”خوشكی خۆشەویستم، ئارەزوو دەكەم بۆ ئەبەد هەر لە خۆشیدا بیت و هاوسەرگیریت پیرۆز بێت“ ئەمە گوتەیەكی ئاساییە و رۆژنامەنووس پۆڵات فەیسەڵ، پیرۆزبایی لە خوشكەكەی كردووە، كە هاوسەرگیری كردووە و لە شاری هەولێریش زەماوەندی كردووە و وێنەی دڵخۆشی هەردووكیانی وەكوو هاوسەری یەكتری لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاو كردووەتەوە، بەڵام ئەوەی بووەتە كێشە بۆ پۆڵات، كاتێك وێنەی خوشكەكەكەی بڵاوكردووەتەوە، لە پشت وێنەكەوە ئاڵای كوردستان بینراوە، بۆیە داوای یاسایی لەسەر تۆمار كراوە و بە تۆمەتی ئەوەی بانگەواز بۆ تیرۆر دەكات دەستبەسەر كراوە و پاشان بە كەفالەت ئازاد كراوە.
پۆڵات فەیسەڵ، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركیا كردووە و دەڵێت: ”زۆر نیگەرانم كە لەسەر بابەتێكی لەو شێوەیە راپێچی دادگا بكرێم، چونكە تەنیا پیرۆزباییم لە خوشكەكەم كردووە و هیچ شتێكی ترم نەنووسیوە، بەڕاستی مایەی نیگەرانییە.“
چەند رۆژێك بەر لە ئێستاش، لە یاری تۆپی پێی نێوان بورسا سپۆر و ئامەد سپۆر، چەند گەنجێك ئاڵای كوردستانیان لەناو یاریگەدا بەرز كردبووەوە، ئەمەش وەكوو تاوان سەیری كرا و شەش كەسی لەسەر دەستبەسەر كرا، دوای وەرگرتنی ئیفادە ئازاد كران.
پرسیارەكە ئەوەیە، ئایە لە یاسای سزادانی توركیادا هاتووە ئەگەر كەسێك ئاڵای كوردستان هەڵبكات یان نیشانی بدات سزای بەسەردا دەسەپێت؟
هۆشیار ئۆزاڵپ، پارێزەر لە ئامەدی باكووری كوردستان، ئاماژە دەدات: ”لە یاسای سزا و سزاکاریی توركیادا بەهیچ شێوەیەك سزا بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان دیاری نەكراوە، پارێزەر و داواكاری گشتی و دادوەریش ئەمە زۆر باش دەزانن، بەڵام نازانم بۆچی ئەو داوا یاساییانە قبوڵ دەكەن كە لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بۆیان دێت؟ پێم وایە هەموو ئەو رێگرییانە بۆ ئەوەیە داواكاری كورد فەرامۆش بكرێت، یاخود لەنگەر بۆ هەموو ماف و داوایەكی كورد دروست بكەن.“
لە یاسای سزا و سزاکاریی توركیادا هاتووە، هەر لایەنێك یان كەسێك، سیمبول یان ئاڵای رێكخراوێك بەكاربهێنێت كە ئەو رێكخراوە تیرۆرست بێت، ئەوكات دادگای سزای بەسەردا دەسەپێنێت و هەڵكرندنی ئاڵای كوردستان سزای لەسەر نییە.
ئاڵای كوردستان لەناو كۆشكی چەنكالا، ئەوكاتەی سەرۆك بارزانی سەردانی توركیای كرد هەڵكرا، جیا لەوەش، كاتێك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی توركیا سەردانی توركیایان كردووە، ئاڵای كوردستان لەتەك ئاڵای توركیا هەڵكراوە، دەكرێت بڵێن بەشێوەیەكی فەرمی و لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە، چەندین جار ئاڵای كوردستان هەڵكراوە.
بۆیە فەیسەڵ دەڵێت: ”ئەگەر دابەزاندنی وێنەیەكی خوشكەكەم تاوان بێت، كە لەپشتییەوە ئاڵای كوردستان دەركەوتووە، ئەی بۆچی سەركۆماری توركیا و وەزیری دەرەوە و سوپاسالاری توركیا راپێچی دادگا ناكرێن؟ چونكە ئەوانیش ئاڵای كوردستانیان هەڵكردووە.“
ئەگەر بێت و فەیسەل سزا بدرێت و نیشاندانی ئاڵای كوردستان وەكوو تاوان سەیر بكرێت، ئەوكات داوا دەكرێت پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێنرێت.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، چەند جارێك دانی بەئاڵای كوردستاندا ناوە و بۆ خۆی گوتوویەتی لەسەردەمی عوسمانییەكانیشدا ولایەتی كوردستان هەبووە، ئیتر بۆچی ئێمە بەكاری بهێنین تاوانە.
بەڵام چەند پارتێكی نەژادپەرستی توركیا، چەندینجار سووكایەتییان بە ئاڵای كوردستان كردووە و وەكوو ئاڵای تیرۆرست سەیریان كردووە، ئەو پارتانەش (پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپە، پارتی وەتەن)، بۆیە هەر ئەو دوو پارتەن دادگاكان دەورووژێنن و لەسەر ئاڵای كوردستان خەڵك راپێچی دادگا دەكەن.