لە دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە ئەمڕۆ سێشەممە 11ی تشرینی یەكەمی 2022 ئەنجامدرا، دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری حكوومەت درا سەبارەت بە راسپاردنی وەزیری نەوت، ئیحسان عەبدولجەبار بۆ پۆستی وەزیری دارایی بە وەكالەت.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەران بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی ئەنجوومەن، محەمەد حەلبوسی دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجامداوە.
راشیگەیاندووە كە لە میانی دانیشتنەكەدا، هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری حكوومەت سەبارەت بە راسپاردنی وەزیری نەوت، ئیحسان عەبدولجەبار بۆ پۆستی وەزیری دارایی بە وەكالەت، خراوەتەوە دەنگدانەوە.
باسی لەوەش كردووە كە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئامادەبووی دانیشتنەكە، بڕیارەكەی حكوومەت سەبارەت بە راسپاردنی ئیحسان عەبدولجەبار بۆ پۆستی وەزیری دارایی بە وەكالەت هەڵوەشێندراوەتەوە.
رۆژی 16ی ئابی 2022 وەزیری دارایی، عەلی عەللاوی دەستی لەكار كێشایەوە.
دوای دەست لەكاركێشانەوەی عەلی عەللاوی، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی، بە وەكالەت بۆ پۆستی وەزیری دارایی عێراق راسپارد.