نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت: شانە نووستووەکانی داعش لە شنگال و دەوروبەری ماون


تا ئێستا دۆخی شنگال بە خراپی ماوەتەوە، بەھۆی خراپی دۆخەکەشەوە خەڵک ناتوانێت بگەڕێتەوە، پەکەکە ئامادە نییە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان شارەکە چۆڵ بکەن و داگیریان کردووە، حکوومەتی عێراقیش جددی نییە لە دەرکردنیان، بگرە ھاوکارییان دەکات، ئەوەش وای کردووە کە رۆژبەرۆژژمارەی چەکدارانی پەکەکە و گروپە چەکدارەکانی دیکە لەو ناوچەیە زیاتر ببن.

یەپەگە و یەپەشە ھەمووی پەکەکەن، بەڵام ناوی پەکەکەیان لەخۆیان کردووەتەوە، حکوومەتی عێراق مووچە دەداتە پەکەکە و داوای دەرکردنیشیان دەکات، کەواتە حکوومەتی عێراق ھۆکارە بۆ دەرنەچوونیان، چونکە لە لایەک مووچە دەداتە پەکەکە و لە لایەکیش داوای دەرکردنیان دەکات.
نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، بۆ ھەولێر دەڵێ:” پێویستە رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا جێبەجێ بکرێت، کە تا ئێستا لەو پێنج خاڵەی کە ھەیەیەک خاڵ جێبەجێ نەکراوە، تا ئێستا حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە ھێزە چەکدارەکان لە شنگال دوور بخاتەوە، بۆ ئەوەی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە ھاوبەشی ناوچەکانی ئێمە بپارێزن، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا شانە نووستووەکانی داعش لە شنگال و دەوروبەری ھەن، ھەر کاتێک لە دەستیان بهێت کاری خۆیان دەکەن، بۆیە تا رەوش ئاسایی نەبێتەوە، ململانێی سیاسی لە شنگال و ناوچەکانی دیکە ھەبێت، خەڵک ناگەڕێتەوە.
نایف سەیدۆ، باسی لەوەشکرد:” داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەکەین، چونکە ئەو ڕێککەوتنە دەبێتە ھۆی ئارامبوونەوەی دۆخی شنگال، کە ھێزەکان بچنە دەرەوە و پۆلیس شوێنی ئەوان بگرێتەوە، کە بڕیاربوو ٢ ھەزار و ٥٠٠ پۆلیس دابمەزرێت و تا ئێستا ھیچ ھەنگاوی بۆ نەنراوە، بۆیە ئێستا شنگال چارەسەری زەحمەت بووە و بۆتە شوێنی ململانێی سیاسی لایەنەکانی ناوخۆیی و ھەرێمی”.
قایمقامی شنگال بە وەکالەت، دەشڵێ:”خەڵک رۆژانە داوا لە ئێمە دەکەن گروپە چەکدارەکان لە شارەکە نەمێنن، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بکرێت، بۆ ئەوەی شارەکە جارێکی دیکە ئاوەدان ببێتەوە کە ئێستا شارەکە بە تەواوەتی وێران بووە.
نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، جەختی لەوەش کردەوە:” نابێت بارودۆخی شنگال ھەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، چاوەڕێی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەکەین، بۆ ئەوەی بڕیارێک بدات و بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکان بەتایبەتی بارودۆخی شنگال ئاسایی ببێتەوە”.

ھەواڵی زیاتر