ڕۆژی یەکشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز مارتین یێگەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە بەڕێز کلاوس شترایشەر کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوایین هەوڵەکان بۆ کۆتاییهاتنی بنبەستی سیاسیی عێراق تاوتوێ کرا و سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە گەڵاڵەنامەی نێوان لایەنە کوردی و سووننە و چوارچێوەی هەماهەنگی، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو گەڵاڵەنامەیە لەسەر بنەمای دەستوور بەستراوە.
لە بەشێکی تری ئەو دانیشتنەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا وێڕای ئیدانەکردنی پەلاماری هێزەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل، ئەوەشی ڕاگەیاند کە وڵاتەکەی بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات و خوازیاری ئەوە بوو لە ئاییندەدا ئەو پەیوەندییانە پەرەی پێ بدرێت بە تایبەت لە بواری بازرگانی. ئەوەشی دووپاتکردەوە کە وڵاتەکەی لایەنگری ئەوەیە مافەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا بدرێت.
گۆڕانی کەشوهەوا و قەیرانی کەمئاوی لە ئاستی جیهانیدا تەوەرێکی تری ئەو دانیشتنە بوو.