هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکیدا بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات.   

دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خوای لێبێ).

بەبۆنەی هاتنەوەی یادی لە دایک بوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێ) گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان و عیراق و جیهان دەکەین و، هیوادارین ئەو بۆنە پیرۆزە بە خێر و خۆشی بۆ هاووڵاتیان و تێکڕای کوردستانیانی خۆشەویست بگەڕێتەوە.

لەو دەرفەتەدا جەخت لەسەر پتەوکردن و قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و ئاشتەوایی و پێکەوەژیان دەکەینەوە لە هەرێمی کوردستان وەک چۆن هەمیشە نموونەی وڵاتی فرەئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی بووە لە داهاتووشدا هەروا دەمێنتەوە. خوازیارین کۆمەڵگاکەمان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانیەوە بە گیانی برایەتی  لەسایەی حکوومەتی هەرێم ژیان بەسەرببەن و پارێزگاری لە کولتووری جوانی یەکترقبوڵکردن و لێبووردەیی وڵاتەکەمان بکەن.

جارێکی دیکە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری مەزن حەزرەتی محەمەد(دروودی خوای لەسەر بێ)لە گشت موسڵمانان پیرۆز بێت…

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان