لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لەبارەی تۆپبارانکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق گوتی، سبەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری کۆبوونەوەیەک بەڕێوە دەبات و تێیدا بانگهێشتی وەزارەتی ناوخۆ و بەرپرسانی ئەمنی دەکرێت بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەین لەبارەی تۆپبارانکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق تەنها ئیدانەی نەکات و ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر.

ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، سەگڤان سندی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”سبەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات لەبارەی بۆردومانی ناوچە سنوورییەکان و لە کۆبوونەوەی سبەیدا بڕیار دەدرێت لەبارەی پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ئەوەی بە شێوەی مەیدانی سەردانی ئەو ناوچانە بکات و ئیدانەکردنیش تەنها بە بەیاننامە نەبێت و بە کرداری و بە شێوەیەکی دیکە بێت، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی باسی ئەو پرسە دەکەین.”

سەگڤان سندی گوتیشی: ”ئێمە چەند کۆبوونەوەیەک دەکەین و میوانداریی وەزارەتی ناوخۆ و بەرپرسانی ئەمنی دەکەین و ڕەنگە چەند کۆبوونەوەیەک بخایەنێت، چونکە ناتواندرێت بە ڕۆژێک هەمووان میوان بکەین، لەبەر ئەوەی گفتوگۆکانمان تەنها لەبارەی تۆپبارانی ئێران نابێت و لەبارەی هەموو ناوچە سنوورییەکانی هەرێم لەلایەن ئێران و تورکیاوە دەبێت کە تۆپبارانی دەکەن، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق ڕێکاری توند بگرێتە بەر و داوامان کردووە پەرلەمانیش لەو بارەیەوە کۆ بێتەوە.”

ھەواڵی زیاتر