بە بۆنەی(٥٩)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان، دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و کادیر و کارمەندانی ئێزگەی دەنگی کوردستان کرد.
بەڕێزان/ بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و کادیر و کارمەندانی ئێزگەی دەنگی کوردستان..
لە بیرەوەری(٥٩)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و بیسەرانی ئێزگەکەتان دەکەین و، دەستخۆشی لە کارو چالاکییەکانتان دەکەین، ھیواخوازین بۆ ساڵی داھاتوو لە ھەموو روویەکەوە زیاتر بەرەوپێش بچن.
ئێزگەی دەنگی کوردستان کە بەر لە ٥٩ ساڵ بە بڕیاری رابەری نەتەوەکەمان (بارزانی نەمر) دامەزرا، دەستکەوتێکی دیکەی نێو بواری رۆژنامەوانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان بوو، ھەروەھا لەو تەمەنە پڕ بەخششەیدا قوتابخانەی پێگەیاندنی کادیر و رۆژنامەوانانی گۆشکراو بە ھەستی نەتەوەیی و میدیاکارانی حەقبێژبووە، لەسەرینی ئەمەوە رۆڵ و کاریگەری ئەو کەناڵە رادۆییە بایەخدار و گرنگە بۆ پێشخستن و خزمەتکردنی بزاڤی میدیایی کوردستانی.
ئێزگەی دەنگی کوردستان، وەک ئێزگەیەکی خاوەن ئەزموون، ھەمیشە سەکۆ و دەنگێکی راستەقینە بووە و گوزارشتی لە خواست و ویستی خەڵک و پێکھاتە جیاجیاکانی کۆمەڵگاکەمان کردووە و پیشەوەرانە و بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ ھەوڵ و رووداوەکان کردووە.
دووبارە بەو بۆنەیەوە پشتیوانی خۆمان بۆ بەرەوپێشچوونی ئێزگەی دەنگی کوردستان دووپات دەکەینەوە و بە ھیوای بەردەوامی و پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتر.
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٧ـی ٩ـی ٢٠٢٢