پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

هه‌ولێر.. بە گوژمەی ملیارێك و 720 ملیۆن دینار پرۆژەی قیڕتاوكردن و ئاوەڕۆی گەڕەكی ئاسوودە ستی دەستیپێكرد

ئەمڕۆ شەممە 24/9/2022 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەكی تر لە بەرپرسانی حكوومەت پرۆژەی دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆی گەڕەكی ئاسوودە ستی دەستیپێكرد.
پرۆژەی قیڕتاوكردن و دروستكردنی ئاوەڕۆی گەڕەكی ئاسوودە ستی بە گوژمەی (١،٧٢٠،٨٥٠،٠٠٠) یەک ملیار و حەوت سەد و بیست ملیۆن و هەشت سەد و پەنجا هەزار دینار، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگەی هەولێر و بە سەرپەرشتی تیمەكانی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەكرێت، چەندین بڕگە لەخۆ دەگرێت، لەوانە دروستکردن و قیڕتاوکردنی شەقام و ئاوەرۆی کۆڵانەکانی گەڕەکی ئاسوودە ستی كە ژمارەی شەقامەکان 21  شەقامن و درێژییان ( ٤٥٧٥ م) کە دروستکردن و قیڕتاوکردنی شەقام دەگرێتەوە و گشت بڕگەکان لەخۆدەگرێت (کاری خۆڵکاری و چینی یەکەمی تێکەڵە و کیربستۆن و چینی دووەمی تێکەڵە و قیڕتاوکردن بە چینی ستبلایزەر بە ڕووبەری (٣٨٧٠٠م٢)، هەروەها دروستکردنی ئاوەڕۆش لەخۆی دەگرێت بە درێژیی (٤٥٦٠ م) و كاریگەری لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی ئەو گەڕەكە هەژارنشینە دەبێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر لەگەڵ سەرۆكی شارەوانی و دامودەزگەكانی دیكە بەدواداچوونیان بۆ چۆنیەتی جێبەحێكردنی پرۆژەكە كرد و داوایان لە تیمەكانی شارەوانی كرد كە لە جێبەجێكردنی پرۆژەكەدا جدی بن، هەروەها ئامادەیی هەر جۆرە هاوكاری و ئاسانكارییەكیان لەپێناو خزمەتكردنی گەڕەكەكە و جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەربڕی، هاوكات لەگەڵ بەشێك لە دانیشتووانی گەڕەكەكە گفتوگۆیان كرد و بەدواداچوون بۆ كێشە و داواكارییەكانی هاووڵاتییان لەڕووی خزمەتگوزارییەوە كرا.