چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لە یەکەم ساڵی تەمەنى ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ چەندین پڕۆژەى ستراتیژى جێبەجێ کران

لە ٢٠ـی ئەیلوولی ٢٠٢١، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مەراسیمێکدا قەزای زاخۆی وەکو ئیدارەیەکی سەربەخۆ ناساند و گۆهدار شێخۆی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکە ڕاسپارد.
دوێنێ ٢٠ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ساڵێک بەسەر ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تێپەڕی و لە ساڵیادیی دامەزراندنی ئیدارەکەش بەردی بناغەی کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بە گوژمەی ١١ ملیار و ٥٠٣ ملیۆن دینار دانران و پیشتریش چەند پڕۆژەیەک دەست بە جێبەجێکردنیان کرابوو.
لە پێنجی ئەیلوول و لە مەراسیمێکدا قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی شەقامی ٣٠ مەتریی (ئەردەوان ـ تلکەبەر) بە گوژمەکەی ٨ ملیار و ٨٥٣ ملیۆن دینار کرایەوە و دوێنێش ٢٠ـی ئەیلوول، قوتابخانەیەکی ١٨ پۆلی لە خراب بابکی بە گوژمەی ٩٧٨ ملیۆن دینار کرایەوە کە لە چوار هۆڵی تاقیگە، هۆڵێکی تاقیکردنەوەی ئەزموونەکان، کافێتریا و یاریگەی وەرزشی تۆپی دەستی و باسکە پێکهات بوو، ئەمە بەدەر لە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی نیشتەجێبوون بۆ ئاسانکارى زیاترى هاووڵاتیانى دەڤەرەکە.
هەر لە ساڵیادیی دامەزراندنی ئیدارەکە، بەردی بناغەی پڕۆژەی چاککردنی ڕیگە نێوخۆییەکان و ئاوەڕۆ لە شارۆچکەی دەرکار و کۆمەڵگەی بێرسیڤ بە گوژمەی ٤٧٠ ملیۆن و ١٧٨ هەزار دینار دانرا و هەروەها دەست بە دەستپێکردنى پڕۆژەی چوارڕیانی گوڵان بە گوژمەی ملیارێک و ٢٠٣ ملیۆن دینار کرا کە بریتی بوو لە ڕێکخستنەوە، نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنى ڕێگاکە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی جێبەجێکردن و دانانی بەردی بناغەی پڕۆژە ستراتیژییەکانەوە، مەبەستیەتی ئاستی خزمەتگوزاریی لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەرز بکاتەوە و خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان دابین بکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢١ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢