لەگەڵ تەواوبوونی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، بازاڕی سیاسی عێراق گەرم و گوڕ دەبێتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

رێوڕەسمەکانی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن بە بەشداریی ملیۆنان کەس کۆتاییان هات و زیارەتکاران بەرەو وڵات و ماڵەکانیان دەگەڕێنەوە. ئەم هەفتەیە هەفتەیەکی گرنگ و چارەنووسسازە بۆ یەکلابوونەوەی بەشێک لە ناکۆکییە سیاسییەکان و بۆیەش کۆبوونەوە و دانوستانە سیاسییەکان هەر لە دوێنێوە دەستیان پێ کردووەتەوە.

تا ئەم ساتە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێداگرن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆ کردنەوەی واژۆ و دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق و لە بەرانبەریشدا ڕەوتی سەدر هەر لەسەر هەڵوێستەکانی ڕابردووی خۆی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە سوورە. بەشێک لە لایەنەکانیش کە خۆیان لەو ململانێیانەی ناو ماڵی شیعە بەدوور گرتووە لە هەوڵی ئەوە دان ڕێگەچارەیەک بۆ نزیککردنەوەی ئەم دوو لایەنە بدۆزنەوە و عێراق لەو چەقبەستووییە سیاسییە ڕزگار بکەن.
سێ هەفتەی ماوە ساڵێک بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا تێپەرێت، بەڵام لەو ماوە درێژەدا لە سێ دامەزراوە سەرەکییەکەی عێراق تەنیا یەکێکیان هەڵبژێردراوە و ئەو دانەیەش دوای ماوەیەک لە چالاکییەکانی داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکرێت. ڕەوتی سەدر دوای ئەوەی نەیتوانی دوو لەسەر سێی زۆرینەی پەرلەمان دەستەبەر بکات و بگاتە ڕێژەی یاسایی کۆبوونەوەی پەرلەمان، لەو دامەزراوەیە کشایەوە و دواتر نەک لە دامەزراوەی پەرلەمان بگرە لە کاروباری سیاسیش بێبەریبوونی خۆی ڕاگەیاند.
هەرچەندە شوێنی کورسییە چۆڵکراوەکانی ڕەوتی سەدر بەگوێرەی یاسا لە لایەن لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پڕ کراونەتەوە بەڵام تا ئێستە نەیانتوانیوە بەهەمان پێوەری یاسایی درێژە بە کۆبوونەوەکان بدەن و بەرەو دامەزراندنی حکوومەت هەنگاو بنێن.
سەدر بەربەستی سەرەکی بووە لە ڕێگەگرتن لە کۆبوونەوەکان و تەنانەت ماوەیەک لایەنگرانی دەستیان بەسەر پەرلەماندا گرت و لەم شوێنە مانیان ڕاگەیاند. پێش دەستپێکردنی ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی دۆخەکە ئەوەندە شڵەژا کە بۆ ماوەی ٢٤ سەعات شەڕێکی قورس لە نێوان لایەنگرانی سەدر و هێزەکانی عەسائیبی ئەهلی حەق و گرووپە میلیشیاکان هەڵگیرسا، ئەم شەڕە بە دەستپێشخەریی سەدر کۆتایی هات بەڵام ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن باڵی بەسەر کێشەکاندا کێشا و لە ڕۆژانی داهاتوودا چاوەڕوانی هەڵوێستی نوێ لە لایەنەکان دەکرێت.
چەند میدیایەکی عێراقی ئاشکرایان کردووە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی نوێنەری هەر یەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنەکانی سوننە و نوێنەرێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی نەجەف بکەن و لە نزیکەوە بەشێک لە ناکۆکییەکان تاوتوێ بکەن و هەوڵی ئەوە بدەن کۆتایی بەو چەقبەستوییە بهێنن. ئامانجەکە بۆ ئەوەیە لە پڕۆژەیەکدا ویست و داخوازی سەرجەم لایەنەکان ڕەنگ بداتەوە، واتا بە ڕێکارێک کە هەمووان پێی ڕازی بن، لە لایەک پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و لە لایەکی تر حکوومەتێک پێک بهێنرێت و لە ڕێگای حکوومەتەکەوە کار بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بکرێت.
وەک ئاشکرایە ڕەوتی سەدر بە تەواوی دژی کاندیدبوونی محەمەد شیاع سوودانییە بۆ پێکهێنانی حکوومەت و ئەگەری زۆرە هەوڵی دۆزینەوەی کاندیدێک بدرێت کە جگە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەدریش پێی ڕازی بێت.
هەفتەی ڕابردوو ئایەت موزەفەر، گوتەبێژی هاوپەیانی نەسر کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکات ڕای گەیاند کە لیژنەیەکی تایبەتییان دامەزراندووە بۆ ئەوەی کەسێکی تر بۆ کاندیدی سەرۆکوەزیران دەستنیشان بکەن. لە دوو ڕۆژی ڕابردووشدا دەست بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ لە پەرلەمانی عێراق کراوە بۆ ئەوەی ڕێژەی یاسایی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆمار بدۆزنەوە و ڕێکاری پێکهێنانی حکوومەت خێراتر بکەن.
هەریەک لە عەدنان زەرفی پارێزگاری پێشووی نەجەف، ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرا، حەیدەر عەبادی و قاسم ئەعرەجی و عەلی شوکری ناویان دەهێنرێت کە ئەگەری هەیە یەکەکیان وەک پاڵێوراوی سەرۆک وەزیران هەڵبژێدرێت بە مەرجێک سەدر پەسندی بکات.
لەگەڵ بەردەوامبوونی ناکۆکی سیاسی نێوان لایەنەکانی شیعە، هێشتا کوردیش لەسەر کانیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ساغ نەبۆتەوە و ئەگەر شیعەکان بگەنە ڕێژەی یاسایی و کوردیش بە کاندیدی جیاواز بەشداری بکات ئەوا ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان سناریۆی ٢٠١٨ لەئارادایە و ئەگەریش کورد لەسەر کاندیدێک ساغ بێتەوە ئەوا بە پێگەیەکی بەهێزتر دەتوانێت بەشداری لە پڕۆسەی سیاسیی داهاتووی عێراقدا بکات.

ھەواڵی زیاتر