چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بۆ رێگری لە دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێر چەند بەنداو و پۆندێک دروست دەکرێن

دوای روودانی لافاوەکەی ساڵی رابردوو له‌ شاری هه‌ولێر، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند لیژنەیەک پێکهێنرا بۆ ئەوەی لە هۆکارەکانی دروستبوونی روودانی لافاو لە شاری هەولێر بکۆڵنەوە و چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ بدۆزنەوە و هەر لەو چوارچێوەیەشدا رۆژی شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ١٧ی ئه‌یلوولی ٢٠٢٢، لە هەولێری پایتەخت کۆفرانسێکی تایبەت بەو بوارە دەستی بە کارەکانی خۆی کرد، کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایه‌نێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی كۆنفرانسەكەدا بە نوێنەرایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: بەناوی جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێزدار كاك مەسرور بارزانی، بەخێرهاتنێكی گەرمتان لێ دەكەم و هیوای سەركەوتنی ئەو كۆنفرانسە زانستییە دەخوازم. هاوكات سوپاسی لیژنەی ڕێكخەری كۆنفرانسەكە و مامۆستایانی بەشداربووی باسە زانستییەكان كرد و هیوای خواست بتوانن لە ڕێی ڵێكۆڵینەوە زانستییەكانەوە هاوكاری حكوومەت بن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و پێشكەشكردنی پێشنیازی زانستی لە سەرجەم بوارەكاندا.

لە بەشێكی تری وتارەكەیدا ساسان عەونی، تیشكی خستە سەر گۆڕانكارییە ژینگەییەكان و قەیرانی ئاو و تێكچوونی سرووشتی كەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و لێكەوتەكانی كە كاریگەرییان لەسەر هەموو سووچێكی گۆی زەوی داناوە، ئاماژەی بەوەشكرد چەند ساڵێكە كاریگەری ئەو گۆڕانكارییە ژینگەییانە لە ناوچەكە و دەوروبەری هەرێمی كوردستاندا بەدیاركەوتوون و لە كوردستانیش ئەو كاریگەرییانە بەشێوەیەكی بەرچاو دیاركەوتوون، بە تایبەتی وشکەساڵی و دابەزینی ڕێژەی ئاوی ژێر زەوی، بارانی چڕ و بەخوڕ و لەناكاو و بارینی ڕێژەیەكی یەكجار زۆر لە كاتێكی كەم و لە ناوچەیەكی سنوورداردا، كە چەند جارێك بووە هۆی دروستبوونی لافاو و لە ئەنجامدا لەدەستدانی گیانی هاووڵاتییان و زیانی ماددی لێكەوتەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باسی لە لافاوەكانی شاری هەولێر و دەوروبەری و هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی و چارەسەركردنی گرفتەكان، لەمبارەیەوە گوتی: لە ساتەكانی یەكەمی ڕوودانی ئەو كارەساتەدا، جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆی گەیشتە شوێنی ڕووداوەكە و سەرجەم فەرمانگە حكومییەكانی بۆ كاركردن و خزمەتكردنی هاووڵاتییان و پاراستنیان و قەرەبووكردنەوەی خەڵك ڕاسپاردن و سەردانی خەڵكانی زیانلێكەوتووی كرد و هاوبەشی ئەو كارەساتە ناخۆشانەی لەگەڵدا كردن، دواتریش چەندین ڕێكار و هەنگاوی کردەیی و ڕاسپاردەی ئاراستەی لایەنە پەیوەنددارەکان کرد بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە و چارەسەركردنی گرفتەكان كە ئەم كۆنفرانسە لە ئەنجامی ئەو ڕاوێژ و گفتوگۆیانەیە لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتدا كراون.
سەبارەت بە تەرخانكردنی بودجەی پێویستیش ساسان عەونی، گوتی: لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت گوژمەی زیاتر لە ٣٥ ملیار بۆ ئەو وەزارەت و فەرمانگانەی پەیوەندیدارن بە پرسی لافاو تەرخانكراوە و ڕەزامەندبوون لەسەر سەرجەم ئەو ڕاسپاردە و پێشنیارانەی لە کۆنووسی لیژنەی باڵای تەکنیکی پاراستنی شاری هەولێر لە لافاو پێشکەش کرابوون، کە دروستکردنی بەنداو و پۆند و کەناڵ و چەندین بابەتی دیکە لەخۆی دەگرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بە گرتنەبەری چەندین ڕێكاری پێویست كرد كە لەدوای لافاوەكەوە جێبەجێ كراون، لەمبارەیەوە گوتی: جگە لە کارە دەمودەستەکان كە کەند و ئاوبەرە سروشتییەکان خاوێنکرانەوە و قەرەبووی شوێنە زیانلێکەوتووەکان كرا، زێدەڕۆکان لادران و ئاوەڕۆی تازە دروستكران کە چەند پڕۆژەیەکیان ئێستا لە شوێنە جیاجیاکانی هەولێر لەژێر جێبەجێکردندان. لەسەر ئاستی دوورمەوداش ڕەزامەندی حکوومەت بۆ دروستکردنی چەند پۆندێکی کۆکردنەوەی ئاو لە شوێنە گونجاوەکانی دەرەوەی هەولێر و کەمەربەندی پاراستنی لافاو و پڕۆژەی دیکە، هەمووی بەیەکەوە هاوکار دەبن لە کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانە لە داهاتوودا، جگە لەوەی لە هەمواری ماستەرپلانی شاری هەولێردا، کە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسی جایکا ئەنجامی دەدات، بابەتی لافاو و ڕەچاوکردنی مەترسییەکانی و دۆزینەوەی ڕێکاری چارەسەری زانستییانە، یەکێکە لە تەوەرە گرنگەکانی. گوتیشی: حكوومەت لە هەموو بارودۆخێكدا بەرانبەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان خۆی بە بەرپرسار دەزانێت و هەرگیز كەمتەرخەمی ناكات.

ئومێد خۆشناو پارێزگای هه‌ولێر له‌ لێدوانێكیدا بۆ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری رایگەیاند:”ئه‌م كۆنفرانسه‌ چوار تەوەری سەرەکی لەخۆ دەگرێت، کە بریتین لەپلان و بەرنامەی رووبەڕووبوونەوەی لافاو و چۆنیەتی ئیدارەدانی لافاو، تەکنیکییەکانی کۆگاکردنی ئاوی لافاو و رێکخستنی رێڕەوی ئاو لە گوندەکانی دەوروبەری هەولێر، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئاوی سەر خاک لەکاتی بارانبارینی زۆر.”
پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند :”ئومێد دەکەین دەرەنجامی ئەم کۆنفرانسە، کاریگەری باشی هەبێت لەسەر كه‌مكردنه‌وه‌ى كاریگه‌رى لافاو و زیانەکانی لەسەر شاری هەولێر”.
پارێزگاری هەولێر دەشڵێت، ئامانجی كۆنفرانسه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی بڕیاره‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ له‌كاتی ڕوودانی لافاوه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه‌ی كرد كه‌ لافاو تێدا ڕوویدابوو و دواتریش سه‌ردانی پارێزگای هه‌ولێری كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كان كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجام داو چه‌ند بڕیارێك له‌لایه‌ن سه‌رۆك وەزیرانەوە دەرکرا وەکو دەستنیشانکردنی کەم و کوڕییەکان و ئیجرائاتکردن لەگەڵ زێدەڕۆییەکان و هەروەها دیراسەتکردنێکی زانستیانەی هۆکارەکانی درووستبوونی لافاو.
ئومێد خۆشناو گوتیشی:”له‌ ڕاستیدا کاریگەرترین هۆكاره‌كانی ئه‌م لافاوه‌ی ساڵی پار دروست بوو گۆڕانی كه‌ش و هه‌وایه‌ ئه‌مڕۆش تێكهه‌ڵكێشه‌یه‌ك له‌ نێوان ئه‌زموونی یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كان هه‌روه‌ها ناوه‌نده‌كانی ئه‌كادیمی و زانكۆكان له‌ چوار ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی له‌ كۆنفرانسه‌كه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت، له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ نه‌خشه‌ ڕێگه‌یه‌ك بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تا له‌ ئایینده‌دا به‌و نه‌خشه‌ ڕێگه‌یه‌ دامه‌زراوه‌كان هه‌نگاو بنێن و، پێشتریش چه‌ندین رێوشوێن گیراونه‌ته‌به‌ر له‌ كردنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وه‌كان و دروستكردنی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی و سندووقی و كردنه‌وه‌ی مه‌نهۆڵه‌كان و لابردنی زیاده‌ڕۆییه‌كان، هه‌موو ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ گیراوه‌ته‌ به‌ر به‌تایبه‌تی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێی كوردستان كه‌ زۆر به‌ وردی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوی فه‌رمانگه‌كان له‌سه‌ر هێڵ بووه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌رچی به‌ربه‌ست و هۆكار هه‌یه‌ له‌به‌رده‌م ڕێڕه‌وه‌كان لاببرێت ، به‌ڵام ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌ته‌واوه‌‌تی له‌ مه‌ترسی لافاو به‌دوور ده‌بین، به‌ڵكو به‌و ڕێكارانه‌ی ئێمه‌ گرتوومانه‌ته‌به‌ر مه‌ترسییه‌كان كه‌م ده‌بنه‌وه‌، ئه‌نجامی ئه‌م كۆنفرانسه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ ئه‌كادیمی بگه‌ینه‌ كۆمه‌ڵێك ده‌ره‌نجامی ڕاست و دروست.”

له‌ ڕێگه‌ی پۆند و به‌نداو ڕێ له‌ دروستبوونی لافاو ده‌گیرێت
پرۆفیسۆری یاریدەدەر باسل یونس لە زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەولێر كه‌ یه‌كێك له‌ به‌شدارانی كۆنفرانسه‌کە بوو بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند:” تەوەرەکەی ئێمە لە کۆنفرانسی لافاوی هەولێر بریتییە لە کۆکردنەوەی ئاوی لافاو لە ڕێگەی دروستکردنی بەنداو و پۆند، ئەو شوێنانەی دەبنە هۆکاری دروستکردنی لافاو دابەشمان کردووە و ئەو ڕووبەرەی ئێمە کارمان لێکردووە لە پیرمامه‌وه‌ تاکو کەرکووک دەگرێتەوە واتە لە باکووری هەولێرەوە تاکو باکووری ڕۆهەڵاتی هەولێر.”
بە گوتەی ئەو مامۆستایەی زانکۆ، ئه‌و ڕووبه‌رانه‌ی کە ده‌كه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی شاری هه‌ولێر و هۆكاری لافاون دابه‌شیان کردوون بەسەر حه‌وت به‌شدا و پێشنیاری ٧ به‌نداو و پۆندمان کراوە تا ئاوی لێ كۆگا بكرێت و به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ١٣ ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو كۆده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆر كاریگه‌ری لافاو له‌ سه‌ر شاری هه‌ولێر كه‌م ده‌كاته‌وه.
باسل یونس راشیگەیاند:”ئه‌و شوێنانه‌ی هه‌ڵمانبژاردووه‌ له‌ به‌رزاییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شاری هه‌ولێرن كه‌ ڕێگرده‌بن له‌ هاتنی لافاو بۆ ناو شاری هه‌ولێر، هه‌روه‌ها پرۆگرامی كورتخایه‌نیشمان داناوه‌ و چه‌ند ڕووبه‌ر و پۆندمان هه‌ڵبژاردووه‌ له‌و شوێنانه‌ی كه‌ ساڵی پار تووشی لافاو ببوون، وه‌ك گردجوتیار و داره‌توو هه‌روه‌ها گەڕەکی ڕۆشنبیری و قوشته‌په‌، ئێستاش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دیزاینی ته‌واو كردووه‌ و هه‌ندێكیش دراوه‌ته‌ ته‌نده‌رین .”
مامۆستاکەی زانکۆ ئاماژەی بەوەشدا، ئه‌و پۆند و به‌نداوانه‌ی ئێمه‌ پێشنیارمان کردوون به‌شێكیان ماوه‌ی ساڵێكیان بۆ دیاریكراوە بۆ ئه‌وه‌ی دابمه‌زرێن ئه‌و‌انه‌ش ده‌كه‌ونه‌ ئه‌و شوێنانه‌ن كه‌ ساڵی پار لافاوی لێ ڕوودابوو و گوتیشی:”به‌رنامه‌ و پلانه‌كانیشمان به‌ شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ پڕۆژه‌ درێژخایه‌نه‌كانمان بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی داهاتوو ته‌واو بكرێن ، ئه‌و پۆندانه‌ش ته‌نها بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو نییه‌ به‌ڵكو ده‌توانین بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با و ئاودێری به‌كاری بهێنین واتا سوودی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی لێ وه‌رده‌گیرێت.”
عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری راگەیاند:”پێویستە لە داهاتوودا ڕێچکە ئاوییەکان نەگرین و ساڵانەش پلانی پارێزگا و فەرمانگەکان بە شێوەیەک بێت ڕێ لە لافاو بگیرێت تاكو زه‌ره‌ر و زیانه‌كانی زۆر كه‌م بكه‌ینه‌وه‌ وه‌ زۆر پرۆژه‌ش ئه‌نجام دراوه‌، سوپاسی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كه‌ین كه‌ له‌ یه‌كه‌م ساتدا له‌سه‌ر هێڵ بووه‌ وه‌ ئه‌و لیژنانه‌ی كه‌ دروستكراون ده‌ره‌نجامی ئه‌و كۆنفرانسه‌ بووه‌، كۆمه‌ڵێك پێشنیار هه‌یه‌ و پارێزگای هه‌ولێر و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و كۆمه‌ڵێك وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندار به‌ شێوه‌یه‌ك به‌رنامه‌ و پلان دانراوه‌ كه‌ كاریگه‌رییه‌كانی لافاو كه‌‌مبێته‌وه‌ چونكه‌ كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ له‌مڕووه‌وه‌ ئه‌نجام دراون .”

بۆ بینینى راپۆرتى ڤیدیۆیى، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

داڕشتنی پلان بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو لە هەولێر – YouTube

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری
18 ی ئه‌یلوولی 2022