ساسان عەونی: سەرۆکی حکومەت 35 ملیار دیناری بۆ چارەسەری کێشەکانی لافاو تەرخانکردووە


وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، هه‌بوونی هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕی له‌ ئه‌نجامدانی چه‌ند پڕۆژه‌ بابه‌تێكی دیكه‌ به‌ هۆكار ده‌زانێت بۆ دووباره‌بوونه‌وه‌ی دروستبوونی لافاو له‌ شاری هه‌ولێر، راشیگەیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 35 ملیار دیناری بۆ چارەسەری کێشەکانی لافاو تەرخانکردووە.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17ـی ئه‌یلوولی 2022، له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ كۆنفرانسی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ لافاو لە هه‌ولێر، ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ به‌ده‌ست گۆڕانكارییه‌ ژینگه‌ییه‌كانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، به‌تایبه‌تی وشكه‌ساڵی، کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زه‌وی، هەروەها باران بارینێكی زۆر لە کاتێکی کەمدا كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی لافاو له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌ت هه‌ولێری پایته‌خت رووبدات و زیانی گیانی و ماددی لێبكه‌وێته‌‌وه‌.

ساسان عه‌ونی هه‌ڵكه‌وته‌ی جۆگرافیای هه‌رێمی كوردستان، هه‌بوونی هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕییه‌كان له‌ڕووی‌ جێبه‌جێكردنی چه‌ند پڕۆژیه‌ك و زێده‌ڕۆیكردنه‌ سه‌ر رێوڕه‌وی ئاوه‌ سرووشتییه‌كان، به‌ هۆكار ده‌زانێت بۆ دووباره‌بوونه‌وه‌ی دروستبوونی لافاو له‌‌ شاری هه‌ولێر و به‌شێك له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار راشیگه‌یاند، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بودجه‌یه‌كی به‌ بڕی 35 ملیار دینار ته‌رخانكردووه‌، بۆ ئه‌و وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ پرسی لافاو به‌ مه‌به‌ستی دروستكردن و چاكسازیكردن له‌و پرۆژانه‌ی كه‌ كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م دیارده‌ سرووشتییانه‌، له‌ ئه‌گه‌ری دووباره‌ بوونه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا كه‌مبكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها سه‌رۆكی حكومه‌ت ره‌زامه‌ندی داوە، له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی سه‌رجه‌م ئه‌و پێشنیارانه‌ی له‌ كۆنووسی لیژنه‌ی باڵای ته‌كنیكی پاراستنی پارێزگای هه‌ولێر له‌ لافاو پێشكه‌شكرابوون كه‌ بابه‌تی دروستكردنی به‌نداو، كه‌ناڵ و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ له‌خۆده‌گرێت. ‌

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما و گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی نه‌رێنی له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا كاریگه‌ریان كردووه‌ته‌ سه‌ر ژینگه‌ی زه‌وی، به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر زه‌وی دروستده‌كه‌ن، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكیشه‌ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌سه‌ر وڵاتان و ده‌وروبه‌رمان به‌دیاركه‌وتوون و كاره‌ساتی ژینگه‌یی گه‌وره‌یان دروستكردووه‌.