پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سەرۆکی حکومەت سەرەخۆشی لە شانشينى یەکگرتوو دەکات

بۆ گه‌یاندنی سه‌ره‌خۆشی به‌ بۆنه‌ی كۆچی دوایی شاژنه‌ ئێلیزابێسی دووه‌م، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی کونسوڵی گشتی بەریتانیای له‌ هه‌ولێر كرد.

ئەمڕۆ (دووشەممە 12ی ئەیلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ کۆچی دوایی شاژنه‌ ئێلیزابێسی دووەم، شاژنی کۆچکردووی شانشینی یەکگرتوو، لە شاری هەولێر، پرسە و هاوخەمی حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستانی لە رێگەی کونسولی گشتیی بەریتانیا دەیڤد هانت، بە خەڵکی بەریتانیا راگەیاند.

سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان، لە تۆماری پرسەكه‌دا، بەناوی حكومەتی هەرێم و  گەلی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شانشین، حکومەت و خەڵکی شانشینی یەکگرتوو کرد.

رۆژی (8ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، له‌لایه‌ن كۆشكی باكینگهامه‌وه‌، كۆچی دوایی شاژنە ئێلیزابێسی دووەم له‌ ته‌مه‌نی 96 ساڵیدا راگه‌یه‌ندرا.

شاژنی كۆچكردووی به‌ریتانیا ماوه‌ی زیاتر له‌ 70 ساڵ، له‌سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی به‌ریتانیا مایه‌وه‌، كه‌ بووه‌ درێژترین ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی پاشاكانی به‌ریتانیا له‌ مێژوودا.