گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان: پارتی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌یه‌ له‌ عێراق

پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌دایه‌ له‌ عێراق به‌و مه‌رجه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌ڵێن بده‌ن ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی قبوڵ بكه‌ن.

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگه‌یاند، پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەیه‌ له‌ عێراق، بەڵام بەو مەرجەی هەموو لایەنەکان بە ئەنجامدانی پرۆسەکە رازی ببن و بەڵێن بدەن ئەنجامەکانیشی قبوڵ بكه‌ن.

گوته‌بێژی پارتی گوتیشی، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان قبوڵ نه‌كه‌ن، ئه‌وا ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كی نابێت و هیچ گۆڕانكارییه‌كیش له‌ دۆخی عێراق دروست ناكات.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی سیاسی عێراق، گوته‌بێژی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، به‌هۆی رێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی حكومه‌ت له‌سه‌ر دیاریكردنی سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ هه‌نگاوی سه‌ره‌كییه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، دۆخه‌كه‌ زیاتر گرژی و ئاڵۆزی به‌خۆیه‌وه‌ بینی تا گه‌یشته‌ ئاستی توندوتیژی و به‌كارهێنانی چه‌ك له‌ به‌رامبه‌ر یه‌كدا.

دەرباری پرسی گەڕاندنەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، گوتەبێژی پارتی ئاشکرایکرد، ئەمە پرسێکی یاساییە و بۆ ئەمەش داواکارییەک ئاراستەی دادگای فیدراڵی کراوە، ئایا ده‌كرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان یاخود په‌سه‌ندكردنی ده‌سته‌له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یان یاساییه‌،‌ بۆیه‌ ئه‌مه‌ ئه‌ركی كه‌سانی یاساییه‌ شرۆڤه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن.