تورکیا دەسگیرکردنی خەلیفەی نوێی داعشیان ڕاگەیاند

سه‌رۆكی توركیا دوێنێ پێنجشه‌م ده‌ستگیركردنی سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشی ڕاگه‌یاند، میدیاكانی توركیاش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ی ده‌ستگیركراوه‌‌ ئه‌بوو حه‌سه‌ن هاشمی قوڕه‌یشی خه‌لیفه‌‌ نوێیه‌كه‌ی داعشه‌.

ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆكی توركیا له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: هێزه‌كانی توركیا توانیویانه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای چه‌كدارانی داعش ده‌ستگیر بكه‌ن كه‌ ناوی به‌شار خه‌تاب غه‌زال سمێدعییه‌ كه‌ به‌ (ئه‌بوو زه‌ید) ناسراوه‌.

ڕاشیگه‌یاند: به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كه‌ له‌ ته‌مووزی ڕابردوو بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌بوو زه‌ید یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌ باڵاكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش.

لای خۆیانه‌وه‌ ڕۆژنامه‌كانی توركیا باسیان له‌وه‌ كردووه‌: به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌كان گومان ده‌كرێ ده‌ستگیركراوه‌كه‌ حه‌سه‌ن هاشمی قوڕه‌یشی بێت كه‌ هاووڵاتییه‌كی عێراقییه‌ و خه‌لیفه‌ی‌ نوێی ڕیكخراوی داعشه‌‌.

ئاشكراشیان كرد كه‌ ده‌ستگیركراوه‌كه‌ دوێنێ پێنجشه‌م له‌ ئۆپه‌ڕاسیۆنێكدا له‌لایه‌ن سوپای توركیا و پۆلیسی شاری ئیسته‌نبۆڵ ده‌ستگیركراوه‌ دوای ئه‌وه‌ی ناوبراو به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی هاتبووه‌ شاری ئیسته‌نبۆڵه‌وه‌.

سوپای ئه‌مه‌ریكا‌ ڕۆژی 3ی شوباتی ڕابردوو له‌ ئۆپه‌ڕاسیۆنێكدا به‌ فه‌رمی كوشتنی ئه‌میر محه‌مه‌د عه‌بدوڕه‌حمان موولی خه‌لیفه‌ی داعشی له‌ سنووری نێوان سووریا و توركیا ڕاگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ش ئه‌بوو حه‌سه‌ن هاشمی قوڕه‌یشی وه‌ك خه‌لیفه‌ی نوێی داعش ڕاگه‌یه‌نرا كه‌ تا ئێستا ناسنامه‌ی ئاشكرا نه‌كراوه‌.

ڕۆژنامه‌كانی توركیا جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی دوێنێ له‌ ئیسته‌مبۆڵ ده‌ستگیركراوه‌ به‌شار خه‌تاب غه‌زال سمێدعییه كه‌ به‌ (ئه‌بوو حه‌سه‌ن هاشمی قوڕه‌یشی) خه‌لیفه‌ی نوێی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ناسراوه‌‌.