وەزارەتی ناوخۆ پلانی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا رادەگەینێت

بە گوێرەی راگەیەنراوێك ، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پلانی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا بۆ ئەفسەر و كارمەند و سەرجەم فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتەكەی رادەگەینێت.كە تیایدا هاتووە..
ئاماژە بە ڕێنمایی پێدانی مۆڵەتی خوێندن لە هەرێمی كوردستان – عێراق ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠٢١ و هەردوو نووسراوی وەزارەتی پلاندانان ژمارە (١٤٤٨ لە ٢٣/٥/٢٠٢٢)  و (٢٥٣٢ لە ٣١/٨/٢٠٢٢) و دوابەدوای نووسراوەكانی وەزارەتمان بە ژمارەكانی (٢٦٥٠٦ لە ٢٣/١٢/٢٠٢١) و (١٤٢٠٦ لە ٣٠/٦/٢٠٢٢).
بەهاوپێچی نووسراومان لیستی كورسییە پەسەندكراوەكانی پێداویستییەكانی خوێندنی باڵا لە (ماستەرو دكتۆرا)  بۆ پلانی وەزارەتمان بۆ ساڵی 2022 بۆتان دەنێرین كە بریتییە لە (87 هەشتاو حەفت كورسی خوێندن بەشێوەی 70 حەفتا كورسی ماستەر + ١٧ حەڤدە كورسی دكتۆرا) لە پسپۆرییە جیاجیاكان .
• خوێندنی لە دەرەوەی وڵات:
یەكەم: هەر پارێزگاو ئیدارەیەكی سەربەخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتییەك بە دوو لیست (لیستی ماستەر، لیستی دكتۆرا) ناوی ئەفسەرو كارمەندو فەرمانبەران بنێرن لە شێوەی خشتە بە پرۆگرامی Excel كە ئەم زانیارییانە لە خۆ بگرێت (ناوی چواری، فەرمانگەی ئێستای، رێكەوتی دامەزراندن و دەستبەكاربوونی، رێكەوتی بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامەی، ساڵی لەدایكبوون، پسپۆری بڕوانامەكەی، ئەو پسپۆرییەی دەیەوێت لێی بخوێنێت) .
دووەم: سەرەرای بڕگەی یەكەم پێویستە ئەم بەڵگەنامانە هاوپێچ بكرێت كە لە خوارەوە هاتووە:
١- بۆ خوێندنی ماستەر:
أ- پوختەی راژە كە ساڵانی خزمەتی دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی بكالۆریۆس تێدا بێت و و دوو ساڵ بەسەر بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامەی تێپەڕبووبێت.
ب- بڕوانامەی بكالۆریۆس (رەسەن) بە نمرە كە تیایدا تێكڕای نمرە و ریزبەندی دەرچوون و كۆی ژمارەی دەرچووانی ساڵی بەدەستهێنانی بڕوانامەكەی تێیدا هاتبێت.
ج-كارتی نیشتیمانی یان ناسنامەی باری كەسی.
د- توانستی زمانی ئینگلیزی ئەگەر هەیبێت لە تاقیكردنەوەكانی (IELTS، TOEFL iBT، TOEFL PBT، PEARSON Academic (PTE)).
هـ پسپۆری خوێندنەكەی بگونجێت لەگەڵ بواری كارو ئەرك و بڕوانامەكەی.
٢- بۆ خوێندنی دكتۆرا:
أ- پوختەی راژە كە ساڵانی خزمەتی دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی بكالۆریۆس تێدا بێت و دوو ساڵ بەسەر بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامەی تێپەڕبووبێت.
ب- بڕوانامەی بكالۆریۆس بە نمرە كە تیایدا تێكڕای نمرە و ریزبەندی دەرچوون و كۆی ژمارەی دەرچووانی ساڵی بەدەستهێنانی بڕوانامەكەی تێیدا هاتبێت.
ج- بڕوانامەی ماستەر كە تێكڕای نمرەی تێیدا دیاری كرابێت.
د-كارتی نیشتیمانی یان ناسنامەی باری كەسی.
هـ- توێژینەوەی زانستی بڵاوكرابێتەوە لە گۆڤارێكی ئەكادیمی زانكۆ (ئەگەر هەبێت).
و- توانستی زمانی ئینگلیزی ئەگەر هەیبێت لە تاقیكردنەوەكانی (IELTS، TOEFL iBT، TOEFL PBT، PEARSON Academic (PTE)).
ز- پسپۆری خوێندنەكەی بگونجێت لەگەڵ بواری كارو ئەرك و بڕوانامەكەی.
سێیەم: بەپێی رێنمایی سەرەوە، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان، و سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان، و سەرجەم فەرمانبەرانی خاوەن پلەی (باڵا/أ) و پلەی (باڵا/ب) ناتوانن داوای مۆڵەتی خوێندن بكەن، ئەگەر درێژە بە خوێندن بدەن بڕوانامەكانیان یەكسان ناكرێت و هیچ ماف و ئیمتیازاتێكیان پێنادرێت.
چوارەم: ئەگەر بڕوانامە بەدەستهاتووەكە لە یەكێك لە زانكۆكانی دەرەوەی وڵات بێت پێویستە راستاندی بۆ كرا بێت لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی.
پێنجەم: داواكارییەكان لەلایەن لیژنەی ناوەندی خوێندن لە وەزارەت دیراسەدەكرێت و سیستەمی خاڵبەندی ئەژماردەكرێت بەپێی رێنمایی سەرەوە، لەكاتی ئەژماركردنی خاڵەكان بەپێی پێداویستی داواكراو چاوپێكەوتن دەكرێت بۆ كاندیدانی ریزبەندی خاڵەكان و لەكاتی چاوپێكەوتن بەڵگەنامەكانی سەرەوە لەگەڵ خۆیان بهێنن و پرۆگرامێك رێكدەخرێت لەلایەن ب.كارگێڕی و سەرچاوە مرۆییەكان/بەشی كارگێڕی/ هۆبەی كاروباری دیراسات بۆ ئەژماركردنی خاڵە بەدەستهاتووەكان بۆ هەر كاندیدێك.
• خوێندن لە ناوەوەی وڵات:
بۆ خوێندن لە ناوەوەی وڵات بەپێی رێنمایی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كە لەسەرەوە هاتووە ، تەنیا (پێدانی لارینەبوون لەلایەن وەزارەتمان/ب.گ.دیوان بەمەرجێك لە پلانی هاوپێچ پسپۆرییەكە هەبێت) پێویستە بۆ بەشداریكردن لە پێشبڕكێی وەرگرتن لە چوارچێوەی پلانی پەسەندكراو و ئەگەر لەحاڵەتێكدا زیاتر لە كاندیدێك لە پێشبڕكێی وەرگرتن دەرچوو ئەوا بەپێی ڕیزبەندی خاڵی بەدەستهاتوو لە پێشبڕكێی وەرگرتن كە لە زانكۆكان ئەنجام ئەدرێت، تەنیا ئەوانە مۆڵەتی خوێندنیان پێ دەدرێت كە دەكەونە چوارچێوەی پلانی پەسەندكراو و ئەوانی تر مۆڵەتیان پێ نادرێت.
• پێدانی مۆڵەتی خوێندن:
لەكاتی دەرچوونی ناوی كاندید بۆ خوێندن بەپێی رێككارەكانی رێنمایی سەرەوە، وەزارەتمان تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێدەدات بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی جێگیر (دەرماڵەی بڕوانامە نەك دەرماڵەی تایبەت ٥٠%، دەرماڵەی خێزان و منداڵ).
كاری پێویست ئەنجام بدەن بە ئاگاداركردنەوەی ئەو ئەفسەرو كارمەند و فەرمانبەرانەی كە ئارەزووی خوێندنی (ماستەرو دكتۆرا) دەكەن لە چوارچیوەی پلانی وەزارەتمان بۆ سالی ٢٠٢٢ كە وێنەیەكی هاوپێچە و ناردنی پێداویستییەكانی كە لە سەرەوە هاتووە بەو شێوەیەی داواكراوە كە تێپەڕ نەبێت لە ماوەی مانگێك لە رۆژی دەرچوونی ئەم نووسراوە.
راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ
٨ی٩ی٢٠٢٢