ئەمڕۆ، یەکەمین داتاسەنتەری حکومەت لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە کرایەوە. کردنەوەی داتاسەنتەر هەنگاوێکی گەورەیە بۆ پلانەکانی بەدیجیتاڵکردنی حکومەت، لە ڕێگەی دابینکردنی ژێرخانی پێویست بۆ خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بە شێوەیەکی پارێزراو و لەسەر بنەمای نوێترین تەکنەلۆجیاکان.
لە سەردانەکەیدا، سەرۆک وەزیران لە نزیکەوە ئەندامانی گەنجی تیمەکانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی ناسی کە سووڕە ژیانی سیستەمی دیجیتاڵی بەڕێوەدەبەن، وەک تیمەکانی، ژیریی دیجیتاڵی و پەرەپێدانی دیجیتاڵی و کارپێکردنی دیجیتاڵی و دڵنیایی جۆری.
سەردانیکردنەکەی سەرۆک وەزیران بە دانیشتنێکی “پرسیار و وەڵام” کۆتایی هات کە لەلایەن سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، بەڕێز هیوا ئەفەندی بەڕێوەدەبرا. لە دانیشتنەکەدا، خاوەنکار، پرۆگرامساز، ڕێکخراوی ناحکومی و نوێنەرانی کەرتی تایبەت ئامادە بوون. جەنابی سەرۆک وەزیران باسی تێڕوانینی خۆی کرد بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان. و بە تایبەتی دەستخۆشی لە کارەکانی بەڕێز هیوا ئەفەندی کرد بۆ پێشکەشکردنی چەندین خزمەتگوزاری دیجیتاڵی و دامەزراندنی گەنجی کوردستانی لە فەرمانگەکە کە هۆکارێکی گرنگ بوون بۆ گەشەپێدانی کاروباری فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری.
هیوا ئەفەندی سوپاسی سەرۆک وەزیرانی کرد بۆ پشتگیری بەردەوامی بەڕێزیان لە پلانەکانی فەرمانگەکە و گەشەکردنی.
وابڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا سەرۆك وەزیران ستراتیژیی گشتگیری وەرچەرخانی دیجیتاڵی حكومەتی هەرێم رابگەیەنێت.






















