بە گوژمەی 9 ملیار دینار پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگا ناوخۆییەکانی زاخۆ تەواو بوو

ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا قۆناغی یەکەمی دروستکردنی ڕێگا ناوخۆییەکانی زاخۆ بە گوژمەی 9 ملیار دینار کرانەوە کە پڕۆژەی شەقامی 30 مەترییە لە دوورێیانی ئەردەوان زاخۆیی تا تلکەبەرێ پێک دێت و بڕیارە 105کم ڕێگای ناوخۆیی و شەقامەکان دروست و قیرتاو بکرێن .

لە میانەی ڕێوڕەسمەکەدا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، گوهدار شێخۆ گوتی: ”ئەو پڕۆژەی ئێستا دەکرێتەوە قۆناغی یەکەمی دروستکردنی جادە ناوخۆییەکانی زاخۆیە کە جادەی 30 مەترییە و درێژیەکەشی 5کم دەبیت  کە بە 9 ملیار دینار دروست کراوە، بۆ ئەوەی بکەوێتە خزمەت هاووڵاتیانەوە.

گوهدار شێخۆ گوتیشی: ئەو پڕۆژەیە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر داوە کە دروستکردنی 105کم دەبێت، بەشێکی تەواو بووە و بەشێکیشی لە قۆناغی جێبەجێکردندایە کە پێک هاتووە لە دروستکردنی شەقامی سەرەکی و ناوخۆیی و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان بە درێژاییی 20،5کم و چاککردن و قیرکردنی شەقامەکان بە درێژاییی 77کم و ئاوەڕۆ بە درێژاییی 7،5کم لە سنووری ئیدارەی زاخۆ .