به‌ره‌ی توركمانی عێراقی: پێویسته‌ باره‌گاكانمان پارێزراوبن

دوای ئه‌وه‌ی لە گەڕەکی شێخانی شاری سلێمانی، بۆمبێك بە کادرێکی به‌ره‌ی تورکمانی عێراقیدا تەقییەوە و بەهۆیەوە هەردوو قاچی لەدەستدا، سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌ره‌ی توركمانی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، وێڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ و رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ پارێزگای سلێمانی، به‌رپرسیارن له‌ پاراستنی ژیان و سه‌لامه‌تی هاووڵاتیان و باره‌گاكانی توركمانان.

ئه‌رشه‌د ساڵحی سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌ره‌ی توركمانی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: به‌توندی ئیدانه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێك به‌ كادرێكی به‌ره‌ی توركمانی عێراقی له‌ سلێمانی ده‌كه‌ین، داواشده‌كه‌ین رێگه‌ به‌ گرووپه‌ توندڕه‌و و تیرۆریستییه‌كان نه‌درێت  سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ تێكبده‌ن، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی توندوتیژی و ئاشوب.

ئەمڕۆ شەممە 3ـی ئه‌یلوولی 2022، محەممه‌د سەمعان، گوتەبێژی به‌ره‌ی تورکمانی عێراقی، بە کوردستان 24ـی راگەیاند، بۆمبێکی چێندراو به‌ ئۆتۆمبێلی کادرێکی به‌ره‌ی تورکمانی لە نووسینگەی سلێمانی دانراوە و لە کاتی تەقینەوەیدا کادرەکەیان هەردوو قاچی لەدەستداوە.

باسی لەوەشکرد، پێشتر نامەی هەڕەشەیان لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە بۆ نێردراوە و لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقیشەوە ئاگادارکراونەتەوە کە هەڕەشەیان لەسەرە.

هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکانیان لە دۆسیەکە دەستپێکردووە و ئۆتۆمبیلەکەیان لە شوێنی رووداوەکە گواستووەتەوە.