شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

واشنتۆن نیگه‌رانه له‌ په‌ره‌سه‌ندنی ئاڵۆزییه‌كانی عێراق

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا نیگه‌رانی خۆی سه‌باره‌ت به‌ گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌مڕۆی به‌غدا ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، نابێت ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق بخرێتە ژێر مەترسییەوه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، واشنتۆن نیگه‌رانه له‌ په‌ره‌سه‌ندنی ئاڵۆزییه‌كانی عێراق و داوا له‌ هه‌موولایه‌نه‌كان ده‌كات دۆخی وڵات به‌ ئاشتی بهێڵنه‌وه‌ و رێگری بكه‌ن له‌ هه‌ر كاردانه‌وه‌یه‌ك كه‌ ببێته ‌هۆی به‌رده‌وامی توندوتیژی.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئێستا كاتی گفتوگۆكردنه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان نه‌ك رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌.

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: مافی ده‌ربڕینی ناڕەزایەتی ئاشتیانە بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی دیموکراسییه‌، بەڵام خۆپیشاندەران دەبێت رێز لە دامودەزگا و باڵه‌خانه‌كانی حکومەتی عێراق بگرن، کە گەلی عێراق خاوه‌نداریه‌تی ده‌كه‌ن و بۆ خزمەتی ئه‌وانه‌، بۆیه‌ دەبێت رێگەیان پێبدرێت كاره‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی ئه‌نجام بده‌ن.