سەرۆکی ئەرکان و سەرۆکی تیمی راوێژکارانی هاوپەیمانان دروستكردنی دوو فیرقە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تاوتوێكرد

دروست کردنی دوو فیرقە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، هاوکاری و کۆمەکە لۆجستییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، تەوەرە سەرەکیەکانی ئەو گفتوگۆیانە بوون، کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەرکان و بەرپرسی تیمی راوێژکارانی هاوپەیمانان تاوتوێ کران.
ئەمڕۆ 28ی ئابی 2022، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سۆریا سەرۆکی تیمی راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەکۆبوونەوەیەکدا، کە بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان ئامادەبوو، هەردوولا گفتوگۆیان کرد دەربارەی میلاک و شێوازی دروست کردنی دوو فیرقە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، کە بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن لیژنەی دانانی میلاکاتەوە رەشنوسێک ئامادە کراوە و بڕیارە بەرزبکرێتەوە، تاوەکو لەمبارەیەوە گفتوگۆی وردی لەبارەوە بکرێت و تۆکمەتەر و پتەوتر بکرێت، بۆئەوەی لەدوا جاردا جێگیر بکرێت و لەسەر بنەمایەکی سەربازی سەردەمیانە دروست بکرێن.
دواتر، باسیان لە شێوازی مەشق و راهێنانی ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانە کرد، کە دەکەونە سەر ئەو دوو فیرقەیە، ئەمەش بۆ شارەزا بوون و بەرچاو روونی زیاتر، بۆ باشتر بەڕێوەبردن و فەرماندەیی کردن و کۆنتڕۆڵ کردنێکی بەهێز.
چۆنیەتی گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوون، لای خۆیەوە، بەرپرسی تیمی راوێژکارانی هاوپەیمانان، بەردەوامی ئەو کۆمەک و هاوکاریانەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دووپات کردەوە.
سەرۆکی ئەرکان دروست کردنی ئەو دوو فیرقەیەی بە کارێکی پێویست و گرنگ زانی و رایگەیاند: هەیکەلی فیرقە لەناو هێزەکانی پێشمەرگە کارێکی نوێیە، مەبەست لێی باشتر کردنی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ کردن و دروست کردنی ناوەندێکی بەهێزە بۆ بەڕێوەبردنی فەرمانەکان لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا. هەروەها سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد، لەپای کۆمەک و هاوکارییەکانیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، هیوای خواست، کە لە هاوکاری کردنی پێشمەرگە بەردەوام بن.