داوا دەکرێت واشنتۆن ڕۆڵی هەبێت لە چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا

بۆ جاری سێیەم لەماوەی هەفتەیەکدا کۆنگرێسمان و ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران لە ڕێگەی نامەیەکی دیکەوە داوا دەکەن ئەمریکا هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر کێشەکانی هەولێر و بەغدا و بێتە دەنگ لەو گوشارە نایاساییانەی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەیکات.

نامەکەی ئەمجارە لەلایەن مایکڵ مەکول بەرپرسی کۆمارییەکانی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نێردراوە، داوا دەکات واشنتۆن ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا .
لە نامەکەی مەکول هاتووە: “لەو نامەیەدا نیگەرانیی خۆم دەردەبڕم لەسەر ناکۆکی بەردەوامسی نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەو ناکۆکییانە کە دەبنە هۆکاری لاوازکردنی سەقامگیری و پەرەپێدانی ئابووریی عێراق، داوا دەکەم ئیدارەی بایدن لەگەڵ هەولێر و بەغدا هەوڵ بدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و بەرەوپێشچوون لەسەر ئەو پرسە بەجۆرێک لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراق بێت .
مەکول لە نامەکەی دا دەڵێ: “هەردوولا لە پرسی وزە گەیشتوونەتە بنبەست، ناکۆکی دەستووری هەیە لەبارەی دابەشکردنی سەرچاوە سرووشتییەکانی وزە، 10 مانگیشە لە ئۆکتۆبەری 2021وە هەڵبژاردن کراوە و حکوومەت پێک نەهاتووە، ئەوەش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە خەڵکی عێراقیش لە دۆخێکی خراپدان بەهۆی نەبوونی حکومەتێکی کارا کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانیان بکات .
ئەو کۆمارییەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە نامەکەیدا باس لە داهاتی زۆری عێراق و نەبوونی خزمەتگوزاری دەکات و داوا دەکات ئەمریکاش چاو لەو وەبەرهێنانە لانەدات کە لە عێراق کردوویەتی دەڵێ: “لەدوای ساڵی 2014وە ئەمریکا بڕی 12.7 ملیار دۆلاری دابین کردووە وەکو هاوکاریی، هاوکار بووە لە باشترکردنی دۆخی ئاسایشی عێراق و یارمەتی مرۆیی بۆ عێراق، ئەمریکا گەورەترین بەخشەری و کۆمەککاری عێراقە لە جیهاندا، جگە لەوەش 300 ملیۆن دۆلار وەکو قەرز دراوەتە کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکا لەلایەن ناوەندی پەرەپێدانی ئەمریکا بۆ کارکردن لە هەرێمی کوردستان، ئەو وەبەرهێنانە، دەبێت گوشار و پاڵنەرێکی دیپلۆماسیی لەگەڵدا بێت تاوەکو داوا لە سەرکردەکانی هەولێر و بەغدا بکات دانوستاندن لەگەڵ یەکدیدا بکەن و بڕیارێکی سیاسیی پێویست بدەن بۆ پارێزگاریکردن لە خۆشگوزەرانی و سەروەریی عێراق، ئەمەش بۆ بەرژەوەندیی عێراقییەکان.”
مەکول باسی ئەو هێرشی سەر دامەزراوەکانی وزەی هەرێمی کوردستانیش دەکات و دەڵێ: “ئیدارەی بایدن دەبێت وەڵامێکی تووندی ئەو پێشلکارییە ئاشکرایانەی سەر سەروەریی خاکی عێراق بداتەوە، کە بوونەتە هەڕەشە بۆسەر ژیانی خەڵکی بێتاوان و هەروەها بوونەتە هۆکاری لاوازکردنی دیموکراسی و سەقامگیری عێراق، ئەمە دەبێت لە ڕێگەی ئەو هاوبەشە عێراقیانەشمان بکرێت کاردەکەن بۆ پارێزگارکردن لە وڵاتەکەیان بەرامبەر بە دەستوەردانە تێکدەرانەکانی ئێران.
کۆنگرێسمانە کۆمارییەکەی ئەمریکا لە کۆتایی نامەکەیدا دەڵێ ئەمریکا پابەندییەکی درێژخایەنی هەیە بۆ پشتیوانیکردن لە عێراقێکی سەقامگیر، سەروەر و هەروەها دیموکرات کە دووربێت لە دەستوەردانی تێکدەرانەی بیانی، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا لە ئاشتیدا بژی و هەروەها سەلامەت بێت بۆ هاووڵاتییانی. زۆر گرنگە کە بەشداریی دیپلۆماسیی ئێمە لە هەموو ئاستەکاندا هەبن بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانە و هاوکات هاوکاربین تاوەکو وڵاتەکە و هاووڵاتییانیان بتوانن هەموو تواناکانیان بەدی بهێنن.” داواش دەکات وەزیری دەرەوە وەڵامی ئەو نامانە بداتەوە لەوبارەوە نێردراون .
لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردووشدا، سێ کۆنگرێسمانی دیکە و دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانیش بەهەمان شێوە داوایان کردبوو ئەمریکا بێتە سەر خەت و هەڵوێستی هەبیت.
نامەکەی کۆنگرێسمانەکان مایکڵ واڵتز لەگەڵ دینا تیتوس، دۆگ لامبۆرن، لە نێوخۆی ئەمریکا و لە جیهانیش کاردانەوەی دایەوە پاش 6 مانگ یەکەم هەنگاو و هەڵوێست بوو بەرامبەر هەنگاوەکانی عێراق بەرامبەر کەرتی وزەی کوردستان.
ئەو سێ ئەندامەی کۆنگرێسیش دەڵێن دەبێت بایدن پشتیوانی هەرێمی کوردستان بکات و هەولبدات چارەسەرێکی گونجاو بۆ ناکۆکییەکان لەبارەی وزە لەگەڵ بەغدا بدۆزێتەوە، بەتایبەت کە ئەمریکا 300 ملیۆن دۆلاری وەکو قەرز لەلایەن ئاژاسنی پەرەپێدانی ئەمریکا داوەتە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ کارکردن لە هەرێمی کوردستان.
نامەی کۆنگرێسمانەکان ڕوونی کردووەتەوە کە دەبێت، وەڵام و پشتیوانییەک هەبێت بۆ هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کە لە ناوەڕاستی شوباتی ڕابردوو ماڵی شێخ باز کەسایەتی و سەرمایەداری هەرێمی کوردستان کرایە ئامانج و زیانی ماددی بە ناوچەکە گەیشت، هەرچەندە ئیدارەی بایدن چەندین جار سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کردووە بەڵام لایەنی بەرپرسیاری دیاری نەکردووە و هەنگاویشی نەناوە.
هاوکات پێش ئەوەش دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا جیم ڕیچ لەگەڵ بۆب مێندێز کە ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکان لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە داوا دەکەن ئیدارەی بایدن هەنگاوی هەبێت بەرامبەر بەرژەوەندییەکانی لە عێراق لە بواری وزەدا بەتایبەت لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر